کێ لە جەنگی ئێران سوودمەند بووە؟
لە کاتێکدا خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا باجی قورسی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەدەن و ڕووبەڕووی گرانیی بژێوی بوونەتەوە، داخستنی گەرووی هورمز و ناسەقامگیریی بازاڕەکان بووەتە سەرچاوەی داهاتێکی خەیاڵی بۆ چەندین کۆمپانیای زەبەلاح لە بوارەکانی نەوت، دارایی و پڕچەککردن.
پێگەی هەواڵی بی بی سی فارسی ڕاپۆرتێکی شیکاری بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بنبڕبوونی دۆخی سیاسی و داخستنی کردەیی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، تێچووی ژیانی لە زۆربەی وڵاتان بەرز کردووەتەوە و بودجەی حکوومەت و تێچووی خەڵکی خستووەتە ژێر فشارێکی توندەوە. بەڵام لە نێو جەرگەی ئەم تەنگژەیەدا، چەند کەرتێکی دیاری کراو نەک هەر زیانیان نەکردووە، بەڵکوو داهاتێکی مێژووییان تۆمار کردووە.
کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و گاز
گەورەترین دەرهاویشتەی ئابووریی ئەم جەنگە، بەرزبوونەوەی نرخی وزە بووە. یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهان لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە هاتوچۆ تێیدا وەستاوە. ئەمەش بووەتە هۆی قازانجی خێرا بۆ کۆمپانیاکانی وزە، لە وانە:
کۆمپانیای BP: قازانجەکانی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 3.2 ملیار دۆلار.
کۆمپانیای Shell: بە قازانجی 6.92 ملیار دۆلار، هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاند.
کۆمپانیای TotalEnergies: بەرزبوونەوەی 30%ی قازانجەکانی تۆمار کرد کە بڕەکەی 5.4 ملیار دۆلارە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ExxonMobil و Chevron هەرچەندە بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمێک داهاتیان دابەزیوە، بەڵام چاوەڕێی قازانجی زۆرتر دەکەن بەهۆی بەرز مانەوەی نرخی نەوت.
بانکە گەورەکان
ناسەقامگیریی بازاڕەکان وای کردووە وەبەرهێنەران بە خێرایی پشکەکانیان بفرۆشن و پەنا بۆ کڕینی سەرمایەی سەقامگیرتر ببەن، ئەم جووڵە زۆرەی پارەش قازانجی بانکەکانی زیاد کردووە لەوانە:
بانکی JP Morgan: تەنیا لە سێ مانگی یەکەمدا داهاتێکی پێوانەیی بە بڕی 11.6 ملیار دۆلار لە بەشی مامەڵە داراییەکانیدا تۆمار کرد.
کۆی گشتی قازانجی شەش بانکە گەورەکەی ئەمریکا لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە 47.7 ملیار دۆلار.
پیشەسازیی بەرگری و چەک
جەنگەکە لاوازیی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی لە ئەوروپا و ئەمریکا ئاشکرا کرد، ئەمەش وای کرد حکوومەتەکان بەپەلە گرێبەستی نوێ بۆ کڕینی مووشەک و درۆن واژۆ بکەن، هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی وەک Lockheed Martin، Boeing و Northrop Grumman ڕایانگەیاندووە، قەبارەی داواکارییە کەڵەکەبووەکانیان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ؛ هەروەها کۆمپانیای BAE Systems، کە دروستکەری پارچەکانی فڕۆکەی F-35ە، پێشبینی دەکات ئەمساڵ گەشەیەکی بێپێشینە لە فرۆشتندا بەدەستبهێنێت.
وزەی نوێبووەوە
گرانبوونی بەنزین و سوتەمەنی وایکردووە جیهان جددیتر بیر لە وزەی پاک بکاتەوە. تەنانەت لە ئەمریکاش، سەرەڕای دروشمەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە زیادی کردووە، پشکی کۆمپانیای NextEra Energy لە ئەمریکا 17% بەرزبووەوە؛ هاوکات لە بەریتانیا، فرۆشی پانێڵی وزەی خۆر لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە بە ڕێژەی 50% بەرز بووەتەوە؛ هەروەها کۆمپانیا چینییەکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەباییش سوودمەند بوون لە کەمبوونەوەی ئارەزووی خەڵک بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین.
لە کاتێکدا جەنگ بۆ ملیۆنان مرۆڤ وەک مەترسی و هەژاری دەردەکەوێت، بۆ خاوەن پشکەکانی ئەم کۆمپانیا زەبەڵاحانە بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەی زیاتر لەسایەی ئاسایشی جیهانی.