موجتەبا خامنەیی رێنمایی نوێ بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەردەکات

فەرماندەی بارەگای "خاتەمولئەنبیا" دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی رێنمایی نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندی ئەمریکا و ئیسرائیل پێگەیشتووە و وەڵامی هەر هەڵەیەک بە "خێرا و یەکلاکەرەوە" دەدەنەوە.

یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران (بارەگای خاتەمولئەنبیا)، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، عەبدوڵڵاهی لەم دیدارەدا "رێنمایی نوێی بۆ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بەرەنگاربوونەوەی توندی نەیارەکان" وەرگرتووە. فەرماندە باڵاکەی ئێران راپۆرتێکی وردی لەسەر ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان پێشکەش بە رێبەری باڵا کردووە، هەرچەندە ئاژانسەکە کاتی وردی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئاژانسی فارس لە زاری عەبدوڵڵاهییەوە رایگەیاندووە، "هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەکی دوژمنانی ئەمریکی و (ئیسرائیل)."

فەرماندە باڵاکەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و تەلئەڤیڤ و گوتی: "ئەگەر دوژمن تووشی هەر جۆرە هەڵەیەک ببێت، وەڵامی ئێران زۆر خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت."

ئەم پەرەسەندنە نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرکردایەتیی نوێی ئێران هێشتا بژاردەی سەربازی و وەڵامدانەوەی توند وەک ئەولەویەت دەبینێت و ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی پێکدادانەکان دەکات.