مایک واڵتز: بۆ چارەسەری کێشەی گەرووی هورمز 50 رۆژ کەمە کە بە 50 ساڵە بەردەوامە

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، داخراویی گەرووی هورمز نیشانەی شکست نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ چارەسەری کێشەیەکی 50 ساڵە. هاوکات جەختی لە سەرکەوتنی گەمارۆ دەریاییەکە کردەوە، بەڵام ئەدمیراڵێکی خانەنشین دەڵێت واشنتن راستییەکان لەبارەی شکانی ئاگربەست دەشارێتەوە.

یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "This Week"ی کەناڵی ABC، بەرگری لە ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند 50 رۆژ کاتێکی زۆر نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەیەک کە تەمەنی 50 ساڵە.

کاتێک لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامەکەوە رووبەڕووی ئەو پرسیارە بووەوە کە "ئایا هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بێ بەها دەرچوون؟"، واڵتز وەڵامی دایەوە: "نەخێر، شتێکی گەورە روویداوە. ترەمپ لە رێگەی هێزی دەریاییەوە گەمارۆیەکی سەپاندووە هاتوچۆی کەشتییە ئێرانییەکانی پەکخستووە؛ ئێمە رێگریمان کردووە لە چوونە ناوەوەی ئەو نەوتهەڵگرە بەتاڵانەی کە ئێران بۆ عەمبارکردن پێویستییەتی. ئێستا دەبینین ئابووریی ئێران لە داڕمانێکی تەواوەتیدایە."

واڵتز ئاشکرای کرد کە واشنتن کار بۆ بڕیارنامەیەکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تاوەکو بە فەرمی رابگەیەنرێت کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دابخات.

سەبارەت بەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە کەنداو روویانداوە، باڵیۆزی ئەمریکا ئامادە نەبوو وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" وەسفیان بکات و گوتی: "ئەوە لە دەسەڵاتی ترەمپدایە وەک فەرماندەی گشتی کە دیاری بکات چی بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێت و کەی بگەڕێینەوە بۆ بژاردەی سەربازی."

لە هەمان بەرنامەدا، ئەدمیراڵ ویلیام مەکڕاڤێن، فەرماندەی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا، گومانی خستە سەر لێدوانەکانی واڵتز و گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئاگربەستەکە پێشێل کراوە. هەر کاتێک تەقە لە نێوان دوو لایەن ئاڵوگۆڕ بکرێت، ئەوە بە واتای شکانی ئاگربەست دێت."

مەکڕاڤێن ئاماژەی بەوە دا، تێدەگات بۆچی ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئاستی پێکدادانەکان بە کەم نیشان بدات، ئەویش لەبەر ئەوەیە کە دەیانەوێت ئێران ناچار بکەن بە پێشنیازە نوێیەکە رازی بێت و پڕۆسەی دیپلۆماسی نەتەقێتەوە، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە ئاگربەستەکە تەنیا سەر کاغەز ماوەتەوە.