کۆشکی سپی: ترەمپ چوارشەممە دەگاتە چین
کۆشکی سپی کارنامەی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چینی راگەیاند، کە تێیدا جیا لە واژۆکردنی چەندین رێککەوتنی ئابووریی گەورە، بڕیارە پرسی تایوان و پشتگیرییەکانی بەیژینگ بۆ تاران و مۆسکۆ لەگەڵ شی جینپینگ تاوتوێ بکات.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ئانا کێلی، جێگری یەکەمی سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەگاتە شاری بەیژینگ بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
کێڵی ئاماژەشی داوە، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە مەراسیمی فەرمیی پێشوازی و کۆبوونەوەی دووقۆڵیی هەردوو سەرۆک بەڕێوەدەچێت. دواتر پێکەوە سەردانی "پەرستگای ئاسمان" دەکەن و ئێوارەکەشی لە بانگێشتێکی فەرمیدا کۆدەبنەوە.
هەروەها رۆژی هەینی، ترەمپ و شی جینپینگ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن، پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
کۆشکی سپی چاوەڕوان دەکات لەم سەرداندا "چەندین رێککەوتنی باش" واژۆ بکرێن کە ئامانجیان هاوسەنگکردنەوەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاری ئەمریکییە.
دیارترین ئەو تەوەرانەی کە ئەگەری هەیە باس بکرێن، دروستکردنی ئەنجوومەنێکی هاوبەش بۆ بازرگانی، ئەنجوومەنێکی تایبەت بە وەبەرهێنان و تاوتوێکردنی دۆسیەکانی فڕۆکەوانی، کەرتی کشتوکاڵ و وزە.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کە سەرەڕای گفتوگۆ ئابوورییەکان، چەند تەوەرێکی سیاسیی توند لەسەر مێزەکە دەبن، لەوانە، ئێران و رووسیا، ترەمپ دەیەوێت بە جددی پرسی پشتگیرییەکانی چین بۆ ئێران و رووسیا لەگەڵ شی جینپینگ باس بکات، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئەمریکا لە ناو جەنگ دایە لەگەڵ تاران.
هەروەها پرسی تایوان، گفتوگۆکان لەسەر ئەم پرسە بەردەوامن، بەڵام واشنتن جەخت دەکاتەوە کە نابێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە تایوان بکرێت
جێگری یەکەمی سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، کە دۆناڵد ترەمپ بە نیازە لە کۆتایی ئەمساڵدا میوانداریی شی جینپینگ بکات لە واشنتن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەردەوامیدان بەو رێچکە نوێیەی کە هەردوولا دەیانەوێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیری بکەن.