ناتانیاهۆ: کاتی ئەوەیە پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دابڕێژینەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ هەوڵ دەدات لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئیسرائیل بە تەواوی لە پشتبەستن بە هاوکارییە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رزگار بکات و ئەو هاوکارییە داراییانە بگەیەنێتە ئاستی "سفر".

ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی (CBS News) ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پەیوەندییە داراییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە. گوتیشی: "نامەوێت چاوەڕێی کۆنگرێسی داهاتوو بکەم، دەمەوێت هەر ئێستا دەست بەم پرۆسەیە بکەم."

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، ئەمریکا پابەند بووە بە پێشکەشکردنی 38 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بە ئیسرائیل لە ماوەی نێوان ساڵانی 2018 تا 2028، کە ساڵانە بڕی 3.8 ملیار دۆلار دەکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، پێویستە وڵاتەکەی هەمیشە لە دوژمنەکانی بەهێزتر بێت. ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە دوو پۆلی نوێ لە فڕۆکە جەنگییەکانی (F-35) و (F-15) بکڕن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی باڵادەستیی ئاسمانیی وڵاتەکەی. ناتانیاهۆ گوتی: "فڕۆکەوانەکانمان دەتوانن بگەنە هەر شوێنێکی ئاسمانی ئێران و لە کاتی پێویستدا بۆ ئەوە ئامادەن."

بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، بڕیاری داوە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا بڕی 350 ملیار شیکڵ (نزیکەی 119 ملیار دۆلار) بۆ بودجەی بەرگری زیاد بکات. ئەم بودجەیە تایبەت دەکرێت بە بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەیەکی تایبەتیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی درۆنەکان دەستپێکردووە و کار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆکەی پێشکەوتووی ناوخۆیی (شین و سپی) دەکەن، کە بە وتەی ئەو "ئەم هەنگاوە هاوکێشەکان بە تەواوی دەگۆڕێت."