سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانیی دارایی پێشکەش بە عێراق دەکات

ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، کریستالینا جۆرجێڤا، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند، سندووقەکە بەنیازە لە رێگەی بەرنامەیەکی قەرزی پێویستەوە پشتیوانیی بەهێزی دارایی و سیاسەت پێشکەشی عێراق بکات.

ئەم لێدوانەی جۆرجێڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات، دوای ئەوەی لە کۆتا کۆبوونەوەی ساڵانەی نێوان سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی لە شاری بانکۆک، بڕیاری پێشکەشکردنی ئەو پشتیوانییە درا.

بەشداریی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوە ساڵانەکاندا
لە لایەکی ترەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێک و بە بەشداریی نزار حوسەین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە کۆبوونەوە ساڵانەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و گرووپی بانکی نێودەوڵەتی لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند بەشدار بوو.

ئامانج لەم بەشدارییە، بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانیکردنی رێڕەوی چاکسازیی ئابووری و داراییە لە عێراقدا. لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، وەزیری دارایی زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی سندووقەکە ئەنجام دا، لەوانە محەممەد موعەیەت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقەکە بۆ عێراق و ناوچەکە، و عەلی حوسەینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری داهاتوو. لەو دیدارەدا دۆخی ئابووری و دارایی عێراق تاوتوێ کراو، بیروڕا لەبارەی لەپێشینەی چاکسازییەکان و رێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرا.

دۆخی لوبنان
سەبارەت بە لوبنان، کریستالینا جۆرجێڤا جەختیکردەوە کە سندووقەکە دانوستانێکی چڕ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات و ئەمەش وەک ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەرەو پەسەندکردنی بەرنامەی قەرز. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "پێشکەوتنێکی گەورەمان لە بەرنامەکەدا بەدەستهێناوە و هێشتا هەندێک کاری هاوبەشمان ماوە، متمانەشم بەوە هەیە کە تێیدا سەرکەوتوو دەبین".