بەشیر ناسڕی پێشانگەی "پەیکەرێک بۆ شێرکۆ بێکەس" دەکاتەوە

ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەشیر ناسڕی، شێوەکار و پەیکەرسازی کورد، لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی پێشانگەیەکی تایبەت بە ناونیشانی "پەیکەرێک بۆ شێرکۆ بێکەس" دەکاتەوە و پێشانگەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.

بەشیر ناسڕی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "پەیکەری شێرکۆ بێکەس لە پێشانگەیەکی تایبەتدا لە سلێمانی نمایش دەکەم. ئەم پەیکەرە ماوەیەکی زۆرە دروستکراوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکراوە و بە پێشنیاری هاوڕێیانم لە سلێمانی بڕیارمدا پێشانگەیەکی تایبەت بۆ نمایشکردنی بکەمەوە."

ناسڕی سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشانگەکە گوتی: "ئەم پێشانگەیە تەنیا پەیکەری شێرکۆ بێکەس لەخۆ دەگرێت و هیچ کارێکی دیکەی تێدا نمایش ناکرێت. پێشتر بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نەمتوانیوە ئەم پەیکەرە نمایش بکەم، بەڵام ئێستا دڵخۆشم کە دەرفەتم بۆ رەخساوە لە سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، ئەم کارە هونەرییە پیشان بدەم."

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کارەکە، ناسڕی روونیکردەوە: "درێژیی پەیکەرەکە یەک مەتر و 20 سانتیمەترە. هیوادارم ئەم پەیکەرە لە ئاستی کەسایەتی و پایەی ئەو شاعیرە گەورەی نەتەوەی کورددا بێت. هەرچەندە پەیکەرسازانی دیکە پێشتر پەیکەری شێرکۆ بێکەسیان دروستکردووە، بەڵام هەستمکرد دەتوانم بە شێوازێکی تایبەت و جوان کارێکی هونەری بۆ ئەو شاعیرە پێشکەش بکەم."

سەبارەت بە چالاکییەکانی داهاتووی، ناسڕی روونیکردەوە کە پێشتر دوو جار لە سلێمانی پێشانگەی کردووەتەوە. هەروەها لەم مانگەدا پێشانگەیەکی دیکە لە هەولێر دەکاتەوە کە تێیدا نزیکەی 30 بەرهەمی هونەری نمایش دەکات. بەرهەمەکانی پێشانگەی هەولێر لە پەیکەری کەسایەتییە جیاوازەکان و چەند بابەتێکی دیکە پێکدێن کە پەیوەندییان بە تێڕوانینی هونەریی خۆیەوە هەیە.

بەشیر ناسڕی شێوەکار و پەیکەرسازێکی کوردە و خەڵکی گوندی خانەگای سەر بە پاوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو خوێندنی باڵای لە بواری هونەردا لە زانکۆی تاران تەواوکردووە و تا ئێستا چەندین پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە.