میدیاکانی ئێران: کەشتییەکی نەوتهەڵگریی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی
میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراقی گەرووی هورمزی تێپەڕاندووە و بەرەو ڤیتنام کەتووەتە رێ.
بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی دەریایی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە نەوتی خاوی عێراقی بارکردووە، ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ئەوەی گەرووی هورمزی تێپەڕاندووە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا بەرێککەوتووە.
لە داتاکانی کەشتیوانی ئاماژە بەوەشکراوە، "کەشتییەکە بارێکی نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو و دوای بەزاندنی هێڵی کەشتیوانی باشوور لە نزیک ئاوە سنووریەکانی ئێران بەردەوام بووە لە گەشتەکەی بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا".
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوی ستراتیجی دادەنرێت بۆ گواستنەوەی وزە لەسەر ئاستی جیهان، بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان پێیدا تێدەپەڕن.
عێراق لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت، بە پلەی یەکەم پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەتایبەت بازاڕەکانی ئاسیا.
لەدوای جەنگی 28ـی شوباتی رابردوو کە لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران روویدا، گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان و گواستنەوەی وزە داخرا، بەڵام ئەو کەشتیانەی بەگەرووەکەدا تێدەپەڕن تەنیا دەبێت بەرەزامەندی تاران بێت، عێراقیش بەهۆی داخستنی گەرووەکە داهات و هەناردەی نەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، چونکە لە 90%ـی داهاتی عێراق لەوکەرتەوەیە.