بەکارهێنانی شەکر و سپیکەرەوە سوودەکانی قاوە لەناو دەبەن

خواردنەوەی قاوە بەشێکی سەرەکییە لە ژیانی رۆژانەی زۆربەی مرۆڤەکان، بەڵام لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم خواردنەوەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارکردنی گورچیلەکان هەیە و پێویستە بە بڕێکی دیاریکراو بخوورێتەوە.

بۆ زۆر کەس، رۆژ بە راستی دەستپێناکات تا ئەو کاتەی کوپێک قاوە نەخۆنەوە؛ ئەم خواردنەوەیە کە دەوڵەمەندە بە کافایین، یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی وزە و چالاکبوونی مێشک، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێوازی جیاواز کاریگەریی لەسەر گورچیلەکان دروست دەکات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "Very well Health"، قاوە یارمەتی جەستە دەدات بۆ رزگاربوون لە خوێ و ئاوی زیادە، ئەمەش بەو مانایەیە کە کاریگەرییە چالاککەرەوەکانی قاوە رێژەی پاڵاوتنی خوێن لە گورچیلەکاندا زیاد دەکات و میزڵدان زووتر پڕ دەکاتەوە. هەرچەندە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە میزپێکەرەکان دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە، بەڵام خواردنەوەی مامناوەندی قاوە نابێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی شلەمەنییەکان.

قاوە مەترسی نەخۆشییەکانی گورچیلە کەمدەکاتەوە

بۆ زۆربەی کەسانی تەندروست، خواردنەوەی 2 بۆ 4 کوپ قاوە لە رۆژێکدا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نییە، بەڵکو رەنگە سوودبەخش بێت بۆ پاراستنی تەندروستی گورچیلەکان. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنەوەی بەردەوامی قاوە پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەوە هەیە، ئەمەش بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لە دژەئۆکسانەکان کە هەوکردن لە جەستەدا کەمدەکەنەوە.

کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن

گورچیلەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە رێکخستنی پەستانی خوێن لە رێگەی هاوسەنگکردنی شلەمەنییەکان. خواردنەوەی قاوە رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کاتیی پەستانی خوێن، چونکە کافایین کۆئەندامی دەمار چالاک دەکات، بەڵام دواتر بەهۆی هاندانی گورچیلەکان بۆ فڕێدانی شلەمەنی زیادە، دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانەکە. بۆیە رێنمایی ئەو کەسانە دەکرێت کە کێشەی پەستانی خوێنیان هەیە، راوێژ بە پزیشک بکەن.

بڕی سەلامەت بۆ خواردنەوەی قاوە

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سنووردارکردنی خواردنەوەی قاوە بۆ 3 بۆ 4 کوپ لە رۆژێکدا بە سەلامەت دادەنرێت. بەڵام پێویستە ژنانی دووگیان یان ئەو کەسانەی کێشەی لاوازی ئێسکیان هەیە، وریاتر بن؛ چونکە خواردنەوەی زۆری قاوە رەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کێشی کۆرپە یان زیادبوونی مەترسی شکانی ئێسک.

پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە هەموو سوودە تەندروستییەکان تەنیا لە "قاوەی رەش" یان سروشتیدا هەن، زیادکردنی شەکر، سپیکەر (Mates) و تامە دەستکردەکان، دەبنە هۆی دروستبوونی هەوکردن و رەنگە سوودە پزیشکییەکانی قاوەکە بەتەواوی لەناو ببەن.