سوپای ئیسرائیل 4 تونێل لە غەززە بە درێژایی 4 کیلۆمەتر تێکدەدات
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە تۆڕێکی فراوانی تونێلە ژێرزەوییەکان لە کەرتی غەززە هەڵبوەشێننەوە، کە یەکێک لە رێڕەوەکان بۆ حەشاردان و راگرتنی بارمتەکان بەکارهێنراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپا، هێزەکانی لیوای 188ـی سەر بە "فیرقەی غەززە" لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشووری کەرتی غەززە و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی "هێڵی زەرد" بەردەوامن. ئامانجی ئەم کارە پاککردنەوەی ناوچەکە و لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی گرووپە چەکدارەکانە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هێزەکان بە هاوکاری یەکەی "یەهالۆم"، توانیویانە چوار رێڕەوی تونێلی ژێرزەوی بە درێژایی چوار کیلۆمەتر تێکبشکێنن. یەکێک لەم رێڕەوانە بەشێک بووە لەو تۆڕە تونێلەی کە بۆ مەبەستی دەستبەسەرکردنی بارمتەکان سوودی لێ وەرگیراوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، لە ناو ئەو تونێلانەدا، شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت بە سەرکردە باڵاکانی لیوای خان یونسی سەر بە بزووتنەوەی حەماس دۆزراونەتەوە.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی باشوور، بەگوێرەی چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ رووبەڕوویان ببێتەوە.