پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێ کۆنابێتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق رادەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی رێككەوتنی سیاسی و سەفەری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەم هەفتەیە پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەت کۆنابێتەوە.

مورتەزا ئەفەوین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی ئەساس بە کوردستان 24ـی راگەیاند: ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەت ناکرێت، چونکە تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی سیاسی. گوتیشی: "چارەنووسی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەستراوەتەوە بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە."

هاوکات سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان 24ـی راگەیاندووە؛ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێیان دراوە، رەنگە رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە یەکلا نەبووەتەوە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەیان پەرلەمانتاری عێراق بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە، چونکە دەنگدان بە کابینەی نوێ پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران هەیە.

رۆژی 27ـی نیسان، سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسوومێک عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. بەگوێرەی دەستوور 30 رۆژ لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودایە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی. ئێستا دوو هەفتە بەسەر راسپاردنی عەلی زەیدی تێپەڕیوە و تەنها تا 27ـی ئایار کاتی لەبەردەستدا ماوە.

هەرچەندە رۆژی 7ـی ئایار، زەیدی کارنامەی حکوومەتەکەی رادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا کابینە وزارییەکەش رادەست بکات، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، پرۆسەکە روو لە دواکەوتنە.