ترەمپ: رەنگە پرۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز چالاک بکەمەوە
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئێران بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی سەربازییەوە داوای هاوکاری لە واشنتن دەکات بۆ پاککردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی، گوتیشی: فشارەکان بۆ سەر تاران بەردەوام دابن تاوەکوو رێکدەکەون، هاوکات ئاماژەشی دا، رەنگە پرۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز چالاک بکاتەوە، هەروەها پلانێکی نوێی بۆ لکاندنی ڤێنیزوێلا وەک ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا ئاشکرا کرد.
دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە کەناڵی "فۆکس نیووز"، چەند زانیارییەکی هەستیار و نوێی لەسەر دۆخی ئێران و ڤێنیزوێلا ئاشکرا کرد.
ترەمپ رایگەیاند، دانوستانکارانی ئێرانی پێیان گوتووە، دەبێت ئەمریکا خۆی ماددە رادیۆئەکتیڤەکان لەو بنکە ئەتۆمییانەی ئێران دەربهێنێت کە پێشتر لە هێرشەکاندا وێران کراون. ترەمپ گوتی: "تاران تەکنەلۆژیای پێویستی نییە بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانە، بۆیە داوای یارمەتی لە ئێمە دەکەن."
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی ئەوەی کرد کە سەرکردەکانی تاران بەم زووانە "هەڕەس دەهێنن" و ناچار دەبن بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی بن. گوتیشی ئێستا بە جددی بیر لەوە دەکاتەوە کە پڕۆژەی ئازادی دووبارە چالاک بکاتەوە، وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنە سەربازییە گەورەکەی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ترەمپ دووپاتی کردەوە، کە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن، تاوەکوو دەگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ترەمپ رایگەیاند کە بە جددی بیر لەوە دەکاتەوە ڤێنیزوێلا بکات بە ویلایەتی 51ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا ئەنجامدا.
هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نووسینگەی ئۆڤاڵ رایگەیاند: "ئێران ئێستا بە تەواوی بێ چەک، بێ سەرکردایەتی، بێ هێزی دەریایی و بێ سوپا ماوەتەوە."
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا توانیویەتی هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناو ببات و چیتر بوونیان لە سەر نەخشەی سەربازی نەماوە. ئاشکراشی کرد کە ئێستا گرووپێکی گەورە لە ژەنەراڵە باڵاکانی سوپای ئەمریکا چاوەڕێی دەکەن تاوەکو دواین پلانی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران تاوتوێ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەگەر ئێران بە خێرایی نەێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا گورزێکی وایان لێ دەدەین کە تاوەکو ئێستا نەیانبینیبێت و لە خەیاڵیشیاندا نەبووبێت."
هاوکات سەرەڕای ئەو لێدوانانە، ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا کە ململانێیەکان بەرەو تەواوبوون دەچن و رایگەیاند: "جەنگی ئێران بەم زووانە کۆتایی پێ دێت."
ترەمپ دۆخی ئێستای ئاگربەستەکەی بە نەخۆشێکی ناو ژووری چاودێریی چڕ چواند و گوتی: "ئەم ئاگربەستە زۆر ناسکە، لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە . دۆخەکە وەک ئەوە وایە دکتۆرێک بێتە ژوورەوە و بڵێت ئازیزەکەت تەنیا یەک لەسەدا شانسی ژیانی ماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وەڵامە نوێیەکەی ئێرانی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا خوێندووەتەوە و گوتی: "ئەو پارچە زبڵەی بۆیان ناردووین، تەنانەت تەواوم نەکرد و نەمویست کاتی خۆمی بۆ بەفیڕۆ بدەم. ئەوەی پێشکەشیان کردووە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
ترەمپ بە توندی جەختی کردەوە: "ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت. ئەوان وڵاتێکی ئاسایی نین و لەلایەن کۆمەڵێک کەسی ناژیر بەڕێوە دەبرێن."
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، گوتی: "ئەم دەسەڵاتەی ئێران لە ماوەی مانگ و نیوێکدا 42 هەزار خۆپیشاندەری بێچەک و بێتاوانی کوشتووە. گەلی ئێران خەڵکێکی باشن و دەیانەوێت بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام بێ چەکن لە بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە."