ئەکسیۆس: ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە بارەی ئێران دەکات
دوای ئەوەی تاران مەرجەکانی ئەمریکای بۆ ئاشتی ڕەت کردەوە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگریی وڵاتەکەی کۆببێتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ترەمپ بە جددی بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنی گەرووی هورمز دەکاتەوە.
سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و چارەنووسساز لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان دژی ئێران.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە واشنتن بۆ ماوەی 10 ڕۆژ چاوەڕێی وەڵامی تاران بوو لەسەر پڕۆژەی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام وەڵامەکەی ئێران کە دوێنێ یەکشەممە گەیشت، بە تەواوی نەرێنی بووە. تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند پێشنیازەکەی ئەمریکا "تەسلیمبوونی ئێرانە بە داواکارییە زیادەکانی ترەمپ"، هەر بۆیە ڕەتیان کردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپیش لە کاردانەوەیەکدا بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاند: "وەڵامەکەی ئەوانم بە دڵ نییە، کارێکی ناشیاو و نادروستە."
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "من پلانم هەیە. ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت؛ ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئێستا زۆر لەرزۆکە.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە پێشتر تاران ڕازی ببوو هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕادەستی ئەمریکا بکات، بەڵام لە وەڵامە فەرمییەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا پاشەکشەیان کردووە و باسیان نەکردووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "سەرکردایەتی ئێران بەسەر دوو بەرە دابەش بووە.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترەمپ دەیەوێت "کەمێک ئازاری ئێران بدات" تاوەکو ناچاریان بکات سازش بکەن. ئەو بژاردانەی لەسەر مێزی کۆبوونەوەکەن بریتین لە: دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئازادی"، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بە هێزی دەریایی، هەروەها بۆردومانکردنی ئەو 25%ەی ئامانجە سەربازییانەی کە تاوەکو ئێستا ئەمریکا نەیپێکاون؛ هاوکات بژاردەی سێیەمیش؛ ئیسرائیل فشار دەکات کە هێزی تایبەت بنێردرێتە ناو ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام ترەمپ بەهۆی مەترسییەکەیەوە تاوەکو ئێستا دوودڵە.
سەرەڕای توندیی بارودۆخەکە، بەرپرسانی ئەمریکی پێشبینی ناکەن ترەمپ پێش سەردانەکەی بۆ چین، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە دەست پێ بکات، فەرمانی هێرش بدات. ترەمپ دەیەوێت لە بەیژینگ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە پرسی جەنگ ئێران تاوتوێ بکات و فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران، پێش ئەوەی پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی توندتر ببات.