قالیباف: تەنیا بە قبووڵکردنی پێشنیازە 14 خاڵییەکە قەیرانەکان چارەسەر دەبن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دایە واشنتن کە هەر هەوڵێک بەدەر لە پێشنیازە 14 خاڵییەکە شکستی بەدوادا دێت و ڕایگەیاند کە باجدەرانی ئەمریکی باجی دواکەوتنی بڕیارەکان دەدەن.
دووشەممە 11ی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە بۆ چارەسەری قەیرانەکان جگە لە قبووڵکردنی ئەو مافانەی گەلی ئێران کە لە ناو "پێشنیازە 14 خاڵییەکەدا" دیاری کراون.
قالیباف ئاماژەی بەوە دا، هەر ڕێگە و شێوازێکی تری مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا "بە تەواوی بێ ئەنجام دەبێت" و گوتی: "ئەنجامەکەی تەنیا شکست دەبێت لە دوای شکست." ئەمە وەک وەڵامێک بۆ مەرجە نوێیەکانی ئیدارەی ترەمپ لێکدرایەوە کە تاران بە ناشیاویان دەزانێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی ئەمریکا کرد و نووسیویەتی: "هەتا ئیدارەی ترەمپ زیاتر کات بەفیڕۆ بدەن و پەلە نەکەن لە بڕیاردان، زیاتر باجدەرانی ئەمریکی دەبێت باجی ئەو دواکەوتنە بدەن." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی شەڕ و نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا کە فشاری زۆری بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی دیکەی دا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی "نەیارانی وڵاتەکەی" کرد. قالیباف جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک.
قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ستراتیژیی و بڕیاری هەڵە، هەمیشە ئەنجامی هەڵەی دەبێت؛ جیهان پێشتر لەمە تێگەیشتووە." ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لێکدرایەوە، کە تاران پێیوایە شکستیان هێناوە لە چۆکدانان بە ئێران.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە زمانێکی هەڕەشەئامێز کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا و گوتی: "ئێمە بۆ هەموو بژاردەکان ئامادەین؛ تووشی سەرسوڕمان دەبن."
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا هێزی سەربازیی زیاتریان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز کۆکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاوی کردبووەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەمان رۆژدا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاو کردبووەوە و تێیدا نووسیبووی: "من ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بە ناو 'نوێنەرانی ئێران'ن. بە هیچ شێوەیەک بە دڵم نییە؛ بە تەواوی قبووڵنەکراوە.