ناکۆکی نێو ماڵی شیعە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پەکخستووە

سەرەڕای ئەوەی لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو خۆیاندا لەسەر دابەشکردنی بەشێک لە پۆستە وەزارییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ ناکۆکن؛ قەیس خەزعەلی براکەی بۆ پۆستی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کردووە.

سەلام جەزائیری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون لە بارەی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە و دابەشکارییە وەزارییەکان چەند نهێنییەکی بۆ كوردستان24 ئاشکرا کرد و دەڵێت "تا ئێستا كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی یەكلا نەبووەتەوە"؛ ئەمەش لە کاتێکدایە هەموو هەوڵەکان چڕکرابوونەوە و دەبوایە تا ئێستا پێکهاتەی کابینەی نوێی حکوومەت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرایە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.

عەلی زەیدی لە 7ـی ئەم مانگەوە کارنامەی کابینەکەی رادەستی هەیبەت حەلبووسی کردووە و دەستەی سەرۆکایەتیی چاوەڕێی ناوی کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانن، ئێستا دۆخی سیاسی و ئیداری عێراق لەنێوان بەرداشی کات و ململانێی نێو ماڵی شیعەدا خەریکە بە بنبەست بگات.  

سەلام جەزائیری لە بارەی دابەشکاری پۆستە وەزارییەکان و پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیراندا، گوتی "تا ئێستا پشكی عەسائیب ئەهلولحەق، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری خزمەتگوزاری لەگەڵ پۆستی وەزیری کارە؛ بۆ پۆستەکەی جێگری سەرۆکوەزیران، لەیس خەزعەلی دیاریکراوە، ئەمەش بووەتە گرفت، چونکە محەمەد شیاع سوودانی نیگەرانە.

هەروەها لەنێوان هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، بە سەرۆکایەتی سوودانی و رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، ناکۆکی لەسەر چەند پۆستێکی وەزاری هەیە و یەکلا نەبووەتەوە.

هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی كوردستان24 كەوتوون، دابەشکاری بەشێک لە پۆستە وەزارییەکان لەنێوان هێز و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەمشێوەیە:

هاوپەیمانیی ئاوەنكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی داوای وەزارەتەكانی نەوت، كارەبا و كشتوكاڵی كردووە، بەڵام لایەنەكانی دیکە رازی نین، وەزارەتی كارەبای پێبدرێت.

رەوتی حیكمە بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، وەزارەتەكانی دارایی، وەرزش و لاوان وەردەگرێت.

رێكخراوی بەدری، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، وەزارەتەكانی گواستنەوە و پەیوەندییەكان وەردەگرێت. 

هاوپەیمانیی ئەساس، بە سەرۆکایەتیی موحسن مەندەلاوی، یەکێک لە پۆستەکانی جێگری سەرۆكوەزیران وەردەگرێت، بۆ ئەمەش مەندەلاوی خۆی کاندید کردووە. 

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، وەزارەتەكانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا وەردەگرێت، بۆ وەزارەتی ناوخۆ یاسر سەخیل کە سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیە لە پەرلەمانی عێراق، کاندیدە.

هەروەها بە گوتەی موشرق فرێجی سەركردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، بە سەرۆکایەتیی سوودانی کە بۆ كوردستان24ـی ئاشکرای کردووە، ئەوان نەک هەر ئامادە نین دەنگ بە کاندیدەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بدەن، بەڵکو رەتیشی دەكەنەوە. 

کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو هێزەی چوارچێوەی هەماهەنگی (دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان)، گەیشتووەتە ترۆپک و هیشام روكابی بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، وەڵامێکی توندی موشرق فرێجی داوەتەوە و نووسیویەتی "فرێجی پێشتر دەوڵەتی بەگەندەڵ و شكستخواردوو ناو دەبرد، ئێستاش بە زمانی سەرپەشتیار باسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی وەزیرەكان دەكات". 

روكابی دەڵێت "مایەی پێكەنینە ئەوانەی داوای نیشتمانیان دەكرد، ئێستا دروشمەكەیان ئەوەیە بە ئارەزووی خۆمان وەزارەتمان دەوێت".

هەرچەندە بڕیاربوو بەر لە چوونی پەرلەمانتارانی بۆ سعوودیە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لانیکەم نیوەی زیاتری کابینەکەی عەلی زەیدی متمانەی پێ بدرێت، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق پێنج رۆژە چاوەڕێن عەلی زەیدی پێکهاتە وەزارییەکەی پێشکەش بکات؛ لە کاتێکدا لە 7ـی ئەم مانگەوە کارنامەی حکوومەتەکەی پێشکەش کردووە.

لەمبارەوە مورتەزا ئەفەوین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هاوپەیمانیی ئەساس بە کوردستان 24ـی راگەیاند، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەت ناکرێت، چونکە تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی کۆنکرێتی. 

چاوەڕوانییەکانی خێرا تێپەڕاندنی پێکهاتەی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپیرداو لە کاتێکدایە، لەم هەفتەیە زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری عێراق گەشتی حەج دەکەن، کە 26 یان لەسەر خەرجی پەرلەمان دەچن و پەرلەمانتارەکانی دیکەش لەسەر خەرجی خۆیان، بۆیە ئەم گەشتەیان بە بەربەست لەبەردەم متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەت دەزانرێت و پێشبینی دەکرێت دانیشتنی پەرلەمان بکەوێتە دوای جەژنی قوربان، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمانی کاتی یاسایی لەبەردەم زەیدی.

ئێوارەی 27ـی نیسان، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا متمانەیان لە نووری مالیکی کاندیدی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکوومەت وەرگرتەوە و دەستبەجێ عەلی زەیدیان کاندید کرد و کەمێک دواتر سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسوومێک زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. 

بەگوێرەی دەستوور 30 رۆژ لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودایە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی. ئێستا دوو هەفتە بەسەر راسپاردنی عەلی زەیدی تێپەڕیوە و تەنها تا 27ـی ئایار کاتی لەبەردەستدا ماوە.