سەزای تەمەللی: نادادپەروەرییەکی گەورە بەرانبەر دەمیرتاش دەکرێت
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، هەمووان چاوەڕوانی پێشکەوتن و هەنگاوی نوێین لە بواری یاسایی و پێویستە رەشنووسی یاساکان بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
سەزای تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: پێویستە هەر رەشنووسێکی یاسایی کە ئامادە کراوە، بهێنرێتە ناو ئەجێندای پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەیاسا.
هەروەها گوتیشی " بڕیارە چەندین یاسای نوێ بێنە پێشەوە، بەڵام دەبینین گۆڕانکاریی لە هەندێک یاسادا تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم دواخراوە."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی تیشکی خستە سەر رەوشی زیندانیانی سیاسی و گوتی: "نادادپەروەرییەکی گەورە بەرانبەر زیندانیانی سیاسی هەیە؛ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار بڕیاری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی داوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگای دەستووری و پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا هەن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش هێشتا دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە زینداندا ماونەتەوە."
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، نزیکەی 10ساڵە لە زینداندایە، سەرەڕای ئەوەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشیان داوە، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بڕیارەکان جێبەجێ بکات.