نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەداڕمانی دۆخی مرۆیی لوبنان دەدات
نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند؛ سەرەڕای کاراکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، دۆخی مرۆیی لە لوبنان بەهۆی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و کەوتنەوەی قوربانی، بەردەوامە لە تێکچوون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) ئاشکرای کرد، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 100 هێرشی ئاسمانی تۆمارکراون، و لە کۆتایی هەفتەشدا 87 کەس کوژراون.
بەگوێریە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە 2ـی ئادارەوە، 2846 کەس کوژراون و 8793 کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دوێنێ دووشەممە، کوژرانی دوو کارمەندی تەندروستی و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەی لە هێرشەکانی سەر شارۆچکەکانی (قەلوویە و تبنین) لە باشووری لوبنان راگەیاند؛ لە کاتی بەدەمەوەچوونی رووداوەکاندا بوونەتە ئامانج. هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، تا ئێستا 158 هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان دۆکیۆمێنت کردووە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی 108 کەس و برینداربوونی 249 کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە شاری (خیام) لە باشووری لوبنان بە چەکی رەشاش تەقەی کردووە و فڕۆکە جەنگییەکانیش هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەی (سەجد).
جۆزێف عەون داوای کردووە گوشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکانی لە باشووری وڵات. هاوکات سەرۆکایەتی لوبنان رایگەیاند؛ عەون لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی چاوەڕوانکراوی (لوبنانی-ئەمریکی-ئیسرائیلی) تاوتوێ کردووە.
بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوودا، واشنتن میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان بکات.