ئەمریکا.. زلهێزێکی کشتوکاڵی کە بۆ میوە و سەوزە پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت
کەرتی کشتوکاڵی ئەمریکا، کە یەکێکە لە گەورەترین پایە ئابوورییەکانی جیهان، رووبەڕووی قەیرانێکی ستراتیژی بووەتەوە. سەرەڕای بەرهەمهێنانی پێوانەیی لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر چەند بەروبوومێکی دیاریکراو و پشتگوێخستنی میوە و سەوزە، وایکردووە ئەمریکا بۆ دابینکردنی خۆراکی رۆژانەی هاووڵاتییانی پەنا بۆ هاوردەکردن ببات. بەرزبوونەوەی رێژەی مایەپوچبوونی کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ململانێیە سیاسییەکانی واشنتن، داهاتووی ئەم کەرتەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
یاسایەک لەنێوان ململانێی حزبەکاندا
بەگوێرەی نەریتێکی سیاسی، کۆنگرێسی ئەمریکا پێنج ساڵ جارێک یاسایەکی نوێ بۆ رێکخستنی کەرتی کشتوکاڵ پەسند دەکات. وەک هەمیشە، باس و خواستەکان لە دەوری ململانێی تەقلیدیی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان دەسوڕێنەوە؛ دیموکراتەکان هەوڵی زیادکردنی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ کەمداهاتەکان دەدەن، لە بەرانبەردا کۆمارییەکان فشار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی پشتگیریی حکوومی و دڵنیایی بۆ جوتیاران.
راپۆرتێکی رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" ئاماژە بەوە دەکات، کە یاسا نوێیەکە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند کراوە، هەمان رێچکەی پێشوو دەگرێتەبەر و کێشە قووڵ و بنیاتییەکانی کۆی سیستەمی کشتوکاڵی ئەمریکا پشتگوێ دەخات.
هێزێکی جیهانی بە بەرهەمێکی سنووردار
ئەمریکا سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری کشتوکاڵییە لە جیهان و دووەم گەورە هەناردەکارە، بەڵام ئەم ناوبانگەی لەسەر چەند بەروبوومێکی دیاریکراو بونیاد ناوە. زۆربەی بەرهەمهێنانی ئەمریکا لە گەنمەشامی و سۆیا کورت بووەتەوە، کە بە پلەی یەکەم بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی زیندەیی، ئالیکی ئاژەڵ و هەناردەکردن بەکاردێن.
ئەم سیاسەتە وایکردووە ئەمریکییەکان بۆ دابینکردنی 59%ی میوەی فرێش و 35%ی سەوزە، پشت بە هاوردەکردن لە دەرەوە ببەستن، ئەمەش هاوکێشەیەکی سەیرە بۆ وڵاتێک کە خۆی بە "سەبەتەی خۆراکی جیهان" دەناسێنێت.
مایەپوچبوون و دابەزینی قازانج
جوتیارانی ئەمریکا لە ساڵانی رابردوودا ریکۆردی نوێیان لە بڕی بەرهەمهێنان تۆمار کرد، بەڵام ئەم زۆرییەی بەرهەم نەبووە هۆی دەستکەوتی دارایی. بەپێچەوانەوە، بووە هۆی دابەزینی نرخەکان لە بازاڕدا، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەتەوە.
لە ساڵانی 2024 و 2025، رێژەی مایەپوچبوونی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بە رێژەی 46% زیادی کردووە، ئەمەش ئاستێکە لە دوای قەیرانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تۆمار نەکراوە.
پلانەکانی رزگارکردن و کاریگەریی جەنگەکان
ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵی رابردوو پلانێکی رزگارکردنی بە بڕی 12 ملیار دۆلار وەکو پشتگیریی بۆ جوتیاران راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا 30 ملیار دۆلاری بۆ هەمان مەبەست خەرج کردبوو.
ئەم هاوکارییانە وەک قەرەبوویێک دێن بۆ ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕە بازرگانییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی پەین و کەرەستە سەرەتاییەکان بەر جوتیاران کەوتوون، بەتایبەت دوای جەنگی ئۆکرانیا و دواتریش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران.
گرەوکردن لەسەر چین؛ ریسکێکی گەورە
کێشەیەکی دیکە بریتییە لە پشتبەستنی زۆری ئەمریکا بە هەناردەکردنی سۆیا بۆ چین. لەگەڵ زیادبوونی گرژییە بازرگانییەکان، چین کڕینی بەروبوومی ئەمریکی کەم کردووەتەوە و رووی لە بەڕازیل کردووە، یان هەوڵی ژیاندنی خۆی دەدات. شارەزایان دەپرسن: تا کەی واشنتن ملیاران دۆلار لە بەرهەمێک خەرج دەکات کە کڕیارە سەرەکییەکەی (چین) چیتر نایەوێت؟
کەرتی کشتوکاڵی ئەمریکا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. بەرهەمی زۆر و خەرجی گەورە نەبوونەتە هۆی سەقامگیریی ئابووری بۆ جوتیاران. چاودێران پێیان وایە، تاوەکو بیرکردنەوەیەکی گشتگیر بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەمەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕە دەرەکییەکان نەیێتە کایەوە، ئەم کەرتە بە فشۆڵی دەمێنێتەوە و تەنیا بە هاوکارییە کاتییەکانی حکوومەت دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.