دیاربەکر میوانداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی دەکات
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئایاری 2026، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی" گەیشتنە شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان؛ کۆڕبەندەکە بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەرێگایەکی هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت.
شارەوانی دیاربەکر لە باکووری کوردستان، بە پاڵپشتیی تۆڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی رێکدەخات و رایگەیاند، چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 16ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە چۆن ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بنیات بنرێت؛ ئەمەش لە ئاستی خێزان و گەڕەکەوە تاوەکو دەگاتە حکوومەتە خۆجێییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ئەکادیمی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵە و دامەزراوە چالاکوانەکان، لەگەڵ هونەرمەندانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەشداری لە پانێڵ و چالاکییەکاندا دەکەن.
بەگوێرەی کارنامەی کۆڕبەندەکە، چەندین تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، لەوانە: پەروەردە و توێژینەوە، مافی منداڵان، ئەرک و رۆڵی گەنجان و ئافرەتان، یاسا و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی، کۆچ و راگواستنی زۆرەملێ، زمان و ئەدەب، کولتوور و هونەر، مێژوو و یادەوەری، ژینگەناسی و کشتوکاڵ، کار و ئابووری، تەندروستی، وەرزش و پرسەکانی ئایین و بیروباوەڕ.
ئامانجی سەرەکی ئەم گفتوگۆیانە، گەیشتنە بە تێگەیشتن و تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەڵاڵەکردنی ئەنجامەکان لە بەرگێکی گشتگیردا، کە وەک ئامانجی کۆتایی کۆڕبەندەکە دیاری کراوە.