ترەمپ: دڵنیام ئێران بە رێژەی 100% پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەسەر کاریگەریی گەمارۆکانی سەر تاران دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە هیچ پێویست بە پەلەکردن ناکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە گەمارۆکان سەرچاوە داراییەکانی ئێرانیان وشک کردووە. هاوکات هۆشداریی توند دەدات کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە تاران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، ئاماژەی بەوە کرد: گەمارۆیەکی توندمان خستووەتە سەر ئێران کە بەتەواوی رێگرییان لێدەکات لە بەدەستهێنانی هەر سەرچاوەیەکی دارایی."
سەبارەت بە مەترسییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە: "بابەتەکە زۆر سادەیە ئێمە ناتوانین رێگە بە تاران بدەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بێگومان بەکاری دەهێنن."
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە واشنت لە هیچ پرسێکدا کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت پەلە ناکات و گوتی: "هەرچەندە پێویستە بەخێرایی هەنگاو بنێین بەرەو رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام هەرگیز پەلە ناکەین."
ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاشکرای کرد کە "لە میانی گفتوگۆکاندا، بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا هەبووە."
سەرۆکی ئەمریکا متمانەی خۆی بە دەرئەنجامی فشارەکان دەربڕی و رایگەیاند: "متمانەی تەواوم هەیە کە ئێران دەستبەرداری سەرجەم هەوڵەکانی دەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها دڵنیام کە بە رێژەی 100% پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرن."