تەرمی یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

پەیامنێری کوردستان24، لە سۆران رایگەیاند: تەرمی یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە.

ئەمرۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند: تەرمی مینا عیسای تەمەن 17ساڵان لەخەلان بیاو دۆزرایەوە.

هاوکات تا ئێستا تەرمی ئادەم خورشیدی تەمەن سێ ساڵان نەدۆزراوەتەوە و پرۆسەی گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.

شەوی هەینی، 1ـی ئایاری 2026،  لە رووداوێکدا ئۆتۆمبێلەک پێنج سەرنشینی تێدابوو، ئافرەت و پیاوەکە لە کاتی رووداوەکەدا لە ئۆتۆمبێلەکە پەڕیوون و سەلامەت دەرچوون، بەڵام بەهۆیەوە سێ منداڵ کە تەمەنیان (3، 7 و 17) ساڵە، کەوتوونەتە نێو رووبارەکە.

رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ، بەناوی لاوەند خورشیدـی تەمەن حەفت ساڵان لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە دۆزرایەوە.

هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران چەندین تەکنیکی نوێیان بەکارهێنا بۆ دۆزینەوە تەرمی قوربانییەکان، هەر ئەوکات، کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بە هاوکاری کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و تیمێکی ئەندازیاری لە هەولێرەوە، تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنین، کە ئەمە یەکەمجارە لە بواری بەرگریی شارستانیدا بۆ گەڕان لە ناو ئاودا بەکاریدەهێنین".

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئامێرەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامێرەکە لە شێوەی چوارگۆشەیەکدایە و هەستیاری (سێنسەر)ی کارەبایی پێوەیە، دەتوانێت تاوەکو قووڵایی 15 مەتر و لە بازنەیەکی 25 مەتریدا، هەر تەنێکی ئاسنین لە ناو ئاودا هەبێت، لە رێگەی ئاماژەی رەنگەکانەوە دەستنیشانی بکات.

لە ئەنجامدا ئەمڕۆ تەرمی  مینا عیسای تەمەن 17 ساڵان دۆزرایەوە، بە دۆزینەوەی تەرمی مینا عیسا تەنیا ئادەم خورشیدی تەمەن سێ ساڵان دەمینێت.