هێگسێت: رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە مەرجەکانی ترەمپ دەبێت

وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە بەردەم لیژنەی کاروباری سەربازی لە کۆنگرێس رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە هەموو بەرەکانی جەنگ بەرانبەر ئێران سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و تاران تەنیا یەک رێگەی لەبەردەمە، ئەویش قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتنە.

سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، لە دانیشتنێکی تایبەتدا، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێسی دایەوە سەبارەت بە ئاییندەی جەنگی ئێران و بژاردەکانی وڵاتەکەی دوای تەواوبوونی وادەی ئاگربەست لە 11ـی حوزەیران.

بێتی مەککۆڵم، ئەندامی کۆنگرێس، پرسیاری لە هێگسێت کرد کە ئایا "پلانی دووەم"یان (Plan B) هەیە ئەگەر دۆخەکە تێکچوو؟ لە وەڵامدا وەزیری جەنگ گوتی: "ئێمە پلانمان بۆ هەموو شتێک هەیە؛ پلان بۆ توندکردنەوەی هێرشەکان، پلان بۆ پاشەکشە و پلان بۆ گۆڕینی جووڵەی هێزەکان، بەڵام بەهۆی هەستیاریی ئەرکەکە و فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ناتوانم وردەکاریی هەنگاوەکانی داهاتوو ئاشکرا بکەم."

هێگسێت ئاماژەی بەوە دا کە ئێران هەوڵیدا هەمان ستراتیژیی کۆریای باکوور بەکاربهێنێت، ئەویش پەرەپێدانی توانایەکی سەربازیی یەکجار گەورە بوو تاوەکو کەس نەتوانێت رێگرییان لێ بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئاماژەی دا، "تەنیا ترەمپ بوێریی ئەوەی هەبوو ئەم بڕیارە مێژووییە بدات و رووبەڕوویان ببێتەوە.

وەزیری جەنگ باسی لەوەش کرد، "ئێمە لەم جەنگدا سەرکەوتووین و لە هەموو پێکهاتەکاندا بردوومانەتەوە. ئێرانیش ئەمە دەزانێت، چونکە تواناکانیان بە رێژەیەکی یەکجار زۆر دابەزیوە و هەر ئەمەش وای لێکردوون بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."

هێگسێت جەختی کردەوە کە هەر چارەسەرێک بۆ ئەم ململانێیە بدۆزرێتەوە، تەنیا لەسەر بنەمای مەرجەکانی ئەمریکا و ترەمپ دەبێت. گوتیشی: "ئێمە هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و توانایانەمان هەیە کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانمان."

ئەم لێدوانانەی هێگسێت پەیامێکی روون بوون بۆ تاران کە واشنتن ئامادە نییە لە هیچ کام لە مەرجە سەرەکییەکانی پاشەکشە بکات، بەتایبەت لە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکییدا.