ئێران سنووری هەژموونی خۆی لە گەرووی هورمز فراوانتر کرد

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، پێناسەی وڵاتەکەی بۆ گەرووی هورمز گۆڕاوە و چیتر وەک رێڕەوێکی تەنگ سەیری ناکەن، بەڵکوو ناوچەیەکی ستراتیژیی سەربازییە کە سەدان میل فراوان کراوە و بەشێکی زۆری کەنداو و کەناراوەکانی وڵاتانی دراوسێ دەگرێتەوە.

سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، محەمەد ئەکبەر زادە، جێگری فەرماندەی سیاسیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "فارس" رایگەیاند: "لە رابردوودا گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سنووردار دەبینرا کە چەند دوورگەیەکی وەک هورمز و هنگامی دەورە دابوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دیدگایە گۆڕاوە."

بەپێی پێناسە نوێیەکەی تاران، گەرووی هورمز ئێستا وەک "ناوچەیەکی ئۆپەراسیۆنی فراوان" دەناسرێت، کە لە دوورگەی "جاسک" لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو دوورگەی "سیری" لە رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە. ئەمە دووەمجارە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران سنووری هەژموونی خۆی لەو ناوچەیە فراوان بکات.

ئاژانسەکانی "فارس" و "تەسنیم" ئاشکرایان کردووە، کە فراوانی ئەو ناوچەیەی ئێران وەک گەرووی هورمز پێناسەی دەکات، لە 20 بۆ 30 میلی پێش جەنگ، بۆ 200 تا 300 میل زیادی کردووە. ئاژانسی تەسنیم ئەم ناوچە نوێیەی بە "هیلالی تەواو" ناساندووە، کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتی ئێران بەسەر رێڕەوەکەدا دەسەپێنێت.

ئەم هەنگاوە تەواوکەری ئەو نەخشەیەیە کە سوپای پاسداران لە 4ی ئایاردا بڵاوی کردەوە، کە تێیدا ناوچەی کۆنتڕۆڵی خۆی بە درێژایی کەناراوەکانی ئیمارات لەسەر کەنداوی عومان نیشان دا، لە بەندەری فۆجەیرەوە تاوەکو ئیمارەتی ئوم ئەلقەیوێن.

گەرووی هورمز شا دەماری ئابووریی جیهانە و پێش جەنگ یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی تێیدا تێدەپەڕی. پسپۆڕان پێیان وایە ئەم پێناسە نوێیەی ئێران بۆ "ناوچەی ئۆپراسیۆن"، هەوڵێکە بۆ شەرعییەتدان بە هێرشکردنە سەر هەر کەشتییەک کە لەو 300 میلەدا بێت، ئەمەش مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ وەک سعوودیە، عێراق و قەتەر چەند هێندە دەکات.