ئێران پێنج مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دیاریی دەکات
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە، ئێران پێنج مەرجی سەرەکیی وەک دەستەبەرییەک بۆ بونیادنانەوەی متمانە و چوونە ناو گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند.
سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج مەرجی بنەڕەتیی دیاریی کردووە، کە وەک دەستەبەر و گەرەنتییەک وان بۆ چوونە ناو گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، مەرجەکانی ئێران ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرن:
-کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، بە تایبەتی لە لوبنان.
-هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێراندا.
-ئازادکردنی پارە و سامانی بلۆککراوی ئێران لە دەرەوە.
-قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە کەوتوونەتەوە.
-داننانی فەرمی بە سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران بە فەرمی وڵاتی پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە کە "بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی بێمتمانەیی بۆ چوونە ناو پرۆسەی دانوستان لەگەڵ واشنتن."
بە پێی ئاژاسنەکە، تاران سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە "بەبێ جێبەجێکردنی ئەم پێنج مەرجە، هیچ دەرفەتێک بۆ چوونە ناو دانوستانی نوێ لە ئارادا نییە."
هاوکات حکوومەتی ئێران پێشنیازەکانی پێشووی ئەمریکا رەت دەکاتەوە و روونیکردووەتەوە کە "ئەو پێشنیازانە بە شێوەیەکی تەواو یەکجەمسەری داڕێژراون، بە جۆرێک کە تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن دەکەن."