بلومبێرگ: ئەمریکا رێگری لە کەشتییەکی نەوتی عێراق دەکات

ڤێتنام هۆشداریی لە پەککەوتنی پاڵاوگەکانی دەدات

ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاویکردەوە، هێزە ئەمریکییەکان کە گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر ئێران، رێگری لە کەشتییەکی یۆنانی کردووە کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو و بەرەو ڤێتنام دەچوو، ئەمەش بە هۆکارێکی "نادیار". لە بەرامبەردا حکوومەتی ڤێتنام داوای لە ئەمریکا کردووە رێگە بە بارە نەوتەکە بدات تێپەڕێت.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی ڤێتنام داوای لە ئەمریکا کردووە رێگە بە کەشتی زەبەلاحی "ئەگیۆس فانۆریۆس 1" بدات لە گەمارۆ دەریایییەکەی دەرەوەی کەنداو تێپەڕێت، چونکە پێویستییەکی زۆریان بەو بارە هەیە بۆ پاڵاوگەی "نێی سۆن" و ئابووریی وڵاتەکەیان.

ئەو کەشتییە لەلایەن کۆمپانیای "ئیستەرن میدیتێرانین ماریتایم"ی بنکە لە ئەسینا بەڕێوەدەبرێت، رۆژی دووشەممە لە نزیک ئەو خاڵەی گەمارۆکەی ئەمریکای لێ دەستپێدەکات، کتوپڕ گۆڕانکاری لە ئاراستەی رۆیشتنەکەیدا کردووە. کەشتییەکە گەرووی هورمزی بڕیبوو و 1.99ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی هەڵگرتبوو کاتێک گەڕایەوە دواوە.

کۆمپانیای "پێترۆ ڤێتنام ئۆیڵ" بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریایییەکانی ئەمریکای راگەیاندووە؛ بارەکەی سەر کەشتییەکە هی ئەوانە و لە عێراق بارکراوە. لە نامەیەکدا کە بلومبێرگ بینیویەتی، هاتووە: "ئەم بارە گرنگییەکی باڵای بۆ پاڵاوگەی نێی سۆن و کۆماری ڤێتنام و گەلی ڤێتنام هەیە و هەر دواکەوتنێکی زیاتر مەترسی وەستانی پاڵاوگەکە دروست دەکات."

هۆکاری رێگریکردن لە کەشتییەکە تا ئێستا روون نییە، چونکە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو بارە نەوتانەیە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، نەک ئەو بارانەی لە عێراقەوە دێن. داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکە و سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە نەوتەکە لە عێراقەوە بارکراوە.