ترەمپ دەیەوێت ڤەنزوێلا بە ئەمریکاوە بلکێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە مشتومڕی نایەوە، دوای ئەوەی لە تروس سۆشیاڵ وێنەیەکی وڵاتی ڤەنزوێلای بە رەنگەکانی ئاڵای ئەمریکاوە بڵاوکردەوە و لەسەری نووسراوە ویلایەتی ژمارە 51.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە 11ـی ئایار، لە لێدوانێکدا بۆ جۆن رۆبێرتس، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، بە جددی بیر لە لکاندنی ڤەنزوێلا بە ئەمریکاوە دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، 40 ترلیۆن دۆلار نەوت لەو وڵاتەدا هەیە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڤەنزوێلا حەزی بە ترەمپە.
ئەم لێدوانانە کەمتر لە دوو هەفتە پاش چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی دێت کە تێیدا ترەمپ گوتی: ڤەنزوێلا پێشتر وڵاتێکی بێبەش بوو، بەڵام ئێستا بەختەوەرە و بە باشی بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا دێت کە سەرۆکی پێشوو نیکۆلاس مادۆرۆ دەستگیرکرا.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش لە کاتی پیرۆزباییکردن لە هەڵبژاردەی بەیسبۆڵی ڤەنزوێلا بە بۆنەی بردنەوەیان لە ئیتالیا، ئاماژەی بە خواستی خۆی بۆ لکاندنی ئەو وڵاتە بە ئەمریکاوە دابوو، بەوەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بۆ هاوکارییەکانی نێوان کاراکاس و واشنتن گەڕاندەوە.
لە بەرامبەردا، دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، ئەم بیرۆکەیەی رەتکردەوە و گوتی: وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە ویلایەتێکی ئەمریکا.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ پێشتریش لە تشرینی دووەمی 2025 هەمان پێشنیاری بۆ کەنەدا کردبوو، کاتێک داوای لە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا کردبوو دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی وەک ویلایەتی 51 بلکێنرێت بە ئەمریکاوە و ناوی حاکمی ویلایەتی کەنەدای مەزنی لێ نابوو، هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2025یشدا، خواستی خۆی بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند بە مەبەستی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەربڕیبوو.