وەزیری وزەی ئەمریکا: ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی زۆر نزیکە
وەزیری وزەی ئەمریکا، هۆشداری دایە کۆنگرێسی وڵاتەکەی و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ گەیشتن بەو یۆرانیۆمەی کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردێت.
چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا رایگەیاند کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و گوتی: "ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاستی سەربازی نزیک بووەتەوە."
وەزیری وزە ئاشکرای کرد کە تاران رەنگە تەنیا "چەند هەفتەیەکی" مابێت بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە پیتاندن کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە. ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە دوای بەدەستهێنانی ماددەکە هێشتا پڕۆسەی "بۆمبکردن" کاتی دەوێت، بەڵام ئێران خەریکە دەگاتە ئەو لووتکە یەکلاکەرەوەیەی کە جیهان لێی دەترسا.
کریس رایت روونیکردەوە کە ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 60% دەپیتێنێت، ئەمەش وای لێدەکات زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا بگاتە ئاستی 90%، کە ئاستی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی. ئەم دۆخەی بە "جێگەی نیگەرانییەکی زۆر" وەسف کرد و داوای لە کۆنگرێسی کرد بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشوەچوونەدا بکەن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "بە هیچ نرخێک" رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بژاردەی سەربازیش بۆ رێگریکردن لەم ئامانجە هێشتا لەسەر مێزەکە ماوەتەوە.