سبەی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
بڕیار وایە سبەی پێنجشەممە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، سەرپەرشتیاری گرتووخانەی نوگرەسەلمان، لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە ئامادەبوونی سکاڵاکاران و تیمی پارێزەران بەرێوەبچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، ئەیاد کاکەیی پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی عەجاج بە کوردستان24ی راگەیاند: سبەی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 10ی بەیانی، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، سەرپەرشتیاری گرتووخانەی نوگرەسەلمان، لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە ئامادەبوونی سکاڵاکاران و تیمی پارێزەران بەرێوەدەچێت.
ئەیاد کاکەیی گوتیشی: بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێدا گوێ لە گوتەکانی عەجاج بگیرێت و گوتەی لێ وەربگیرێت، هەروەها دوور نییە دادگا لە هەمان دانیشتندا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو تاوانبارە بدات.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە بڕیاری دادگای رەسافە دانیشتنی عەجاجی بۆ14ـی ئایاری 2026 دواخست، ئەمەش دوای ئەوەی گوتە لە 25 شایەتحاڵ وەرگیران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی دادگا "عەجاج تکریتی نکۆڵی لە بەشێک لەو تاوانانەدا کرد کە لە نوگرەسەلمان ئەنجامدراوە. هەربۆیە دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ 14ـی ئایاری 2026، تاکوو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسیەکەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەی لە هۆلەکەدا دانیشتبوو بەشێکی زۆری ئامادەبووان باسیان لەو تاوانانە کرد کە عەجاج تکریتی ئەنجامی داوە."
عەجاج ئەحمەد کێیە؟
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بوو، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە شاری سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی ئەنفال لە ساڵی 1988.
عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە شاری جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەلاحەدین کوژراون.
عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەممووزی 2025، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.