بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە رێگری لە دابەزینی سەرنشینانی کەشتییەک دەکرێت

بەهۆی گومان لە تووشبوونی دەیان سەرنشین بە هەوکردنی گەدە و ریخۆڵە، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رێگرییان لە دابەزینی سەرنشینانی کەشتییەکی گەورە کرد و رێکاری توندی تەندروستییان گرتەبەر.

دەسەڵاتدارانی باشووری رۆژئاوای فەرەنسا، رێگرییان لە دابەزینی سەرنشینان و ستافی کەشتییەکی گەشتیاری لە شاری بۆردۆ کرد. ئەم بڕیارە وەک رێکارێکی خۆپارێزی دراوە دوای ئەوەی گومان کرا دەیان کەس لەناو کەشتییەکەدا تووشی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵە بوون.

دەسەڵاتی تەندروستی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوان بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لەناو ئەم کەشتییەی کە لە بێلفاست و لیڤەرپوولەوە هاتووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" کە پێشتر لەسەر کەشتیی "هۆندیۆس"ی لوکس تۆمارکرابوو.

سەبارەت بە بارودۆخی ناو کەشتییەکە، ئاماژە بەوە دراوە کە سەرنشینێکی بەریتانی تەمەن 92 ساڵ لە 11ی ئەم مانگەدا بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، کاتێک کەشتییەکە لە شاری بریست لە ناوچەی بریتانی وەستابوو. ئیدارەی هەرێمی جیرۆند روونیکردەوە کە وا دەرناکەوێت ئەو مردنە پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی ئێستای ناو کەشتییەکەوە هەبێت.

کەشتییەکە 1233 سەرنشینی تێدایە، کە زۆربەیان بەریتانی و ئیرلەندیین، جگە لە 514 ئەندامی تاقمی کەشتییەکە. بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن رێگری لە دابەزینی سەرنشینەکان کاتییە و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی پشکنینە پزیشکییەکان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "ئەمباسادۆر کروز لاین" کە سەرپەرشتی کەشتییەکە دەکات، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رێکارەکانی پاکژکردنەوە و خۆپارێزییان لەسەر کەشتی "ئەمبیشن" توندتر کردووە و هەرکاتێک رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرن، رێگە بە دابەزینی گەشتیاران دەدەن.

نیشانە سەرەکییەکانی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵە بریتین لە رشانەوە و سکچوون. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن ئەم نەخۆشییە زۆر گوازراوەیە، بەڵام زۆرجار مەترسییەکی گەورە دروست ناکات، تەنیا لە هەندێک حاڵەتدا نەبێت کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە. ئەم جۆرە هەوکردنە تەواو جیاوازە لە ڤایرۆسی "هانتا" کە رێژەی مردن تێیدا بەرزە و بە دەگمەن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە.