ڤایرۆسی هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟
دوابەدوای هۆشدارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کرد. وەزارەتەکە لە نووسراوەکەدا، بە مەبەستی ئامادەسازی و هۆشیارکردنەوەی ناوەندە پزیشکییەکان و هاووڵاتییان، زانیاریی وردی لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوە، نیشانەکان، پێناسەی حاڵەتەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسەکە خستە روو.
سێشەممە، 13ـی ئایاری 2026، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی د. سامان حوسێن بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، وەزارەتەکە رێکار و زانیاریی زانستیی وردی لەسەر "ڤایرۆسی هانتا" بڵاو کردەوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی تەندروستی پاش ئەوە دێت کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە سەرەتای مانگی ئایاری 2026، هۆشدارییەکی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی توندی هەناسەدان بڵاوکردەوە، کە بەهۆی بەرکەوتن بە مشک (قرتێنەری ماڵی) لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێک.
ڤایرۆسی هانتا چییە؟
بە پێی راپۆرتە زانستییەکەی وەزارەتی تەندروستی، ڤایرۆسی هانتا لە گرووپی ئەو ڤایرۆسانەیە کە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا هاوبەشن. ئەم ڤایرۆسە تووشی گیانلەبەرە قرتێنەرەکانی وەک (مشک و جرج) دەبێت و دەتوانرێت بۆ مرۆڤیش بگوازرێتەوە.
نەخۆشییەکە دەکرێت زۆر سەخت و تەنانەت کوشندەش بێت، بە پێی جۆری ڤایرۆسەکە و ناوچە جوگرافییەکان، نەخۆشییەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا:
1- لە کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور: ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی نەخۆشیی (HCPS - Hantavirus Cardiopulmonary Syndrome)، کە کاریگەریی خێرا و وێرانکەری لەسەر سییەکان و دڵ دەبێت.
2- لە ئەوروپا و ئاسیا: ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی نەخۆشیی (HFRS - Hemorrhagic Fever with Renal Syndrome)، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر گورچیلە و بۆڕییەکانی خوێن دادەنێت و دەبێتە هۆی تای خوێنبەربوون.
دۆخی جیهانی و پەتازانیی نەخۆشییەکە
تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 20 جۆر لەم ڤایرۆسە دەستنیشان کراون. تووشبوون پێی لە سەرانسەری جیهان دەردەکەوێت. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025 لە ئەمریکای باکوور و باشوور (229) حاڵەتی تووشبوون و (59) حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراون، کە رێژەی مردن تێیدا گەیشتووەتە نزیکەی %25.7 لە بەرامبەردا لە ساڵی 2023 لە ئەوروپا (1885) حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراون.
شێوازەکانی گواستنەوە
بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە زیاتر لە رێگەی بەرکەوتن بە پاشەڕۆ، میز، یان لیکی قرتێنەرە تووشبووەکانەوە دەبێت.
مرۆڤ کاتێک تووش دەبێت کە ئەو تۆز و تەپوتۆزەی بە پاشەڕۆی قرتێنەرەکان پیس بووە هەڵدەمژێت، یان راستەوخۆ دەست لە پاشەڕۆکە دەدات و پاشان دەستی دەبات بۆ دەم، لووت یان چاوی.
گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر دەگمەنە، تەنیا لە یەک جۆری ڤایرۆسەکەدا نەبێت کە پێی دەگوترێت ڤایرۆسی ئەندێس (Andes Virus)، کە لە وڵاتانی وەک ئەرجەنتین و چیلی تۆمارکراوە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە و ماوەی کڕکەوتن
ماوەی کڕکەوتنی نەخۆشییەکە (Incubation Period) بە زۆری نێوان 2 بۆ 4 هەفتە دەخایەنێت، بەڵام دەکرێت لە هەفتەیەکەوە تاوەکو 8 هەفتە درێژە بکێشێت.
لە سەرەتادا، نیشانەکانی وەکو: سەرئێشە، تا، لەرز، ئازاری ماسولکەکان، دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە، سکچوون و ئازاری سک دەردەکەون. دواتر، لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا، نەخۆش تووشی هەناسەتەنگییەکی سەخت دەبێت بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکان (لە جۆری HCPS)، یان تووشی دابەزینی فشاری خوێن و پەککەوتنی گورچیلە دەبێت (لە جۆری HFRS).
پۆلێنبەندیی حاڵەتەکان بە پێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی:
وەزارەتی تەندروستی، پێناسەی وردی بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان دیاریی کردووە:
-حاڵەتی گومانلێکراو (Suspected Case): هەر کەسێک نیشانەکانی تای بەرز، ئازاری ماسولکە و سکچوونی هەبێت.
-حاڵەتی ئەگەری (Probable Case): گومانلێکراوێک کە پەیوەندیی بە بەرکەوتەیەک یان ناوچەیەکی تووشبووەوە هەبێت.
-حاڵەتی پشتڕاستکراوە (Confirmed Case): ئەو کەسەی لە رێگەی پشکنینی تاقیگەیی (PCR) یان پشکنینی (Serology) تووشبوونەکەی سەلمێنرابێت.
-حاڵەتی نەبوو (Non-Case): ئەو کەسەی پشکنینەکانی نێگەتیڤ دەرچوون.
دەستنیشانکردن، چارەسەر و رێژەی مردن
بە پێی رێنماییەکە، دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییەکە کارێکی ئاسان نییە چونکە نیشانەکانی لە نەخۆشییەکانی وەک ئەنفلۆنزا و کۆڤید-19 دەچێت، پشکنینەکان لە رێگەی (IgM, IgG) و (RT-PCR)ەوە ئەنجام دەدرێن.
سەبارەت بە چارەسەر، تاوەکوو ئێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت یان ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسی هانتا بوونی نییە. چارەسەرەکان تەنیا بریتین لە چاودێریی پاڵپشت (Supportive Care) بۆ نەخۆشەکە، وەک پێدانی ئۆکسجین و دانانی لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (Intubation)، یان شۆردنی گورچیلە.
رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لە ئاسیا و ئەوروپا لە نێوان 1% بۆ 15%ـیە، بەڵام لە ئەمریکا دەگاتە 50% سەرەڕای ئەوەش، هەڵسەنگاندنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێی وایە ئێستا مەترسیی بڵاوبوونەوەی جیهانیی ئەم ڤایرۆسە (کەمە).
رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و کۆنترۆڵکردن
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری خۆپارێزیی توندی راگەیاندووە، لەوانە:
-پاراستنی پاکوخاوێنیی ماڵ و شوێنی کار و داخستنی ئەو دەرچە و بۆشاییانەی قرتێنەر دەتوانێت لێیەوە بێتە ژوورەوە.
-دوورکەوتنەوە لە گسکدان و پاککردنەوەی وشک بۆ ئەو شوێنانەی پاشەڕۆی قرتێنەری لێیە، بۆ ئەوەی تۆزەکەی بڵاو نەبێتەوە، بەڵکو پێویستە شوێنەکە تەڕ بکرێت ئینجا پاکبکرێتەوە.
-بۆ ناوەندە تەندروستییەکان؛ کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی گومانلێکراو، پێویستە کارمەندان تەواوی کەلوپەلی خۆپارێزی (PPE) وەک ماسکی N95 ، دەستکێش، و چاویلکە بەکاربهێنن و نەخۆشەکە لە ژوورێکی جیاکراوە دابنێن، هەروەها بەردەوام ناوەندەکە پاکژ (تەعقیم) بکرێتەوە.