سەرۆکوەزیران بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆران دەکاتەوە

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆران دەکرێتەوە.

رۆژی 28ـی ئایاری 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دانا؛ یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکان بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆران بوو.

ئەم شەقامە دووسایدە و پێنج کیلۆمەتر درێژە، شەقامەکە بەرزترین پرد لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت، درێژییەکەی 250 مەترە بەرزییەکەشی 23 مەترە. تێچووی پردەکە 28 ملیار دینارە و کۆی گوژمەی پڕۆژەکە 50 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

پڕۆژەی شەقامی 40 مەتریی سۆران، لە ڕێگایەکی دوو ساید، هەر سایدێک لە سێ هێڵ پێکهاتووە واتە لە یەک کاتدا سێ ئۆتۆمبێل دەتوانن لە تەنەیشت یەکترەوە بڕۆن، پانی شۆستەکەشی دوو مەتر و نیوە هەروەها سیستەمێکی تایبەت و گەورەی ئاوەڕۆی لە خۆگرتووە. ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە جەنجاڵی ناو سەنتەری سۆران زۆر کەمدەکاتەوە و ئاسانکاری زۆریش بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات. 

 

 

کارکردن لەو پڕۆژەیە بە دوو شەفت بووە و بە شەو و رۆژ کاری تێدا کراوە؛ 350 کرێکار و 14 رووپێو و 10 ئەندازیار لەو پڕۆژەیە کاریان کردووە و لە سەرەتای ساڵی 2026ـشەوە کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە.

ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت، رێگەی ناوەندیی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی کارئاسانییەکی زۆر هاتووچۆی شۆفێران.

سۆران لە 14ـی ئەیلولی 2021، لە شارۆچکەوە بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و شەش قەزا لەخۆ دەگرێت.