ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی هەشت ناوچەی لوبنان دەدات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی هەشت شارۆچکە و گوند لە ناوچەکانی دەشتی بیقاع و باشووری لوبنان کرد، تێیدا داوای لێکردن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی نوێی چاوەڕوانکراو بۆ سەر ئەو ناوچانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل تۆپبارانێکی چڕی بۆ سەر ناوچەی رێڕەوی رووباری "لیتانی" لە کەرتی رۆژهەڵات ئەنجامدا. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی بە ئاسمانی باشووردا سوڕانەتەوە و بۆمبی رووناککەرەوەیان لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری باکووری رووباری لیتانی هەڵداوە.
دوێنێ چوارشەممە، لوبنان رۆژێکی خوێناوی بەڕێکرد؛ بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە ئەنجامی 11 هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلدا 22 کەس کوژراون کە 5 منداڵیان تێدایە، هەروەها 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئەمرۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 9ـی بەیانی بەکاتی واشنتن دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بڕیاریشە رۆژی هەینی دانوستانەکان درێژەیان هەبێت.