کەشتییەک لە کەناراوەکانی ئیمارات دەستی بەسەردا گیرا و بەرەو ئاوەکانی ئێران دەبرێت

ئەرشیف، گەرووی هورمز
ئەرشیف، گەرووی هورمز

ئاژانسێکی دەریایی بەریتانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری2026، رایگەیاند؛ کەشتییەک لە کەناراوەکانی ئیمارات لە نزیک گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئێستا بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئاراستە دەکرێت.

بەگوێریەی زانیارییەکانی ناوەندیی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO)، کەشتییەکە لە کاتێکدا لە دووری 38 میلی دەریایی (70 کیلۆمەتر) لە باکووری رۆژهەڵاتی فوجەیرە لەنگەری گرتبوو، لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە.

چەندین کەشتی دیکەش لەو ناوچە ستراتیژییەدا کراونەتە ئامانج. ئێران لە 28ـی شوبات و لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ڕادەیەکی زۆر گەرووی هورمزی بلۆک کردووە، کە پێنج یەکی نەوت و گازی شلکراوەی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە.

لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، سەرەڕای بوونی ئاگربەست کە لە 8ـی نیسانەوە لە نێوانیاندا هەیە.

پێشتر و لە رۆژی یەکشەممە، کۆریای باشوور رایگەیاندبوو، کەشتییەکی بارهەڵگریان لە گەرووی هورمز لەلایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە پێکراوە، هەروەها قەتەریش رایگەیاند؛ کەشتییەکی بارهەڵگر کە لە ئەبوزەبییەوە بەرەو وڵاتەکەیان دەهات، لەلایەن درۆنێکەوە هێرشی کراوەتە سەر.