سەرۆکوەزیران پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کردەوە و باسی لە چەند پرسێکی گرنگیش کرد
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی پرۆژەیەکی نوێی رێگاوبان لە سۆران جەختی لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان کردەوە و باسی لە پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
کردنەوەی بەرزترین پرد و پشتیوانیکردن لە توانای ناوخۆیی
مەسرور بارزانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا دڵخۆشیی خۆی بۆ کردنەوەی پردەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان بەتایبەتی دانیشتووانی سۆران و دەوروبەری. سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، ئەمە تەنیا قۆناغێکە و قۆناغەکانی تریش بەدوایدا دێن بۆ دروستکردنی جووتساید و بەیەکەوەبەستنی رێگاکانی دەڤەرەکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە کۆمپانیای کاڤین گرووپ کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئەوەشی خستە روو، جێگەی دڵخۆشییە توانای ناوخۆیی وای کردووە پڕۆژەی وا جوان و رێکخراو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێن.
بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لە سەردەمی قەیرانەکاندا
لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە سەرۆکوەزیران رایگەیاند، سەرباری هەبوونی دۆخێکی نالەبار لە رابردوودا و دروستبوونی نیگەرانی لای خەڵک، بەڵام هیچ یەکێک لەو گرفتانە نەیانتوانی رێگری لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکەن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، تەنانەت لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا پڕۆژەکان نەوەستان و لە هەموو کاتێکی خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە تەواوی بوارەکاندا.
نیگەرانییەکان لە رووداوەکانی خنکان و هۆشداریی هاتوچۆ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو رووداوە نەخوازراوانەی لەم دواییەدا روویان داوە و تێیدا سێ کەس لەناو ئۆتۆمبێلێکدا کەوتنە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ و گیانیان لەدەست دا. لەم رووەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم حاڵەتانە جێگەی نیگەرانین و دڵی هەمووان دێشێنن.
هاوکات دەستخۆشی لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی کرد بۆ شەونخوونی و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و داواشی لە خەڵک کرد پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی بن، لە پێناو پاراستنی تەندروستییان خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن مەترسیدارن.
پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان
سەرۆکوەزیران لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، گوتی "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغداش دەستپێدەکات، ئێمە تەمەننای سەرکەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین، هیوادارین سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی حکوومەتەکەی خۆی".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێمە پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حکوومەتێکی فیدراڵ دروست بکرێ و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێن. بەشداری ئێمە لە حکوومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە داکۆکی لە هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و مافەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور بکەین وەکو خۆی".
جەختیشی کردەوە "بەشداریی ئێمە بەشدارییەکی کارا دەبێت، و هەوڵ دەدەین کە پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێکی بەرزدابن. هیوادارم ئەمە رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی کوردستانیش، پەرلەمان کارا بکەینەوە. دواتر هەنگاوەکانی تریش دەست پێبکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بکەوینەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان جارێکی تر".
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەکەین، بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی تر کە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست کراوە. ئەمە ماوەیەکە پلانی بۆ داڕێژراوە و کاری تێدا دەکرێت و شوکر بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشتووە، و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پڕۆژەیە دەکەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان، بەتایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری.
لەو ماوەیەی ڕابردوودا بینیمان کە وەزعێکی زۆر نالەبار لە کوردستان و ناوچەکەدا هەبوو، خەڵک زۆر قەلەق بوون لەوەی کە چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت کە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانمان بوەستین. ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێکدا، بیرمە ئەوکاتی خۆشی کە شەڕی داعش بوو، دیسان پرۆژەکان هەر بەردەوام بوون.
لە خۆشی و ناخۆشیدا، ئێمە لە خزمەتکردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی کە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو خەڵکی کوردستان بکەین لە هەموو بوارەکاندا.
من پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەکەم بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە، کە ئەمە قۆناغێکە و قۆناغەکانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە کە جووتساید و بەیەکەوەبەستنی رێگاکانە و پڕۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی پێشکەشی خەڵکی ئەم دەڤەرەی بکەین.
دەستخۆشی لە کاڤین گرووپ دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و ڕێک و پێک دروستیان کردووە. وەکوو هەر جار دیسان دووپاتی دەکەمەوە، ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش کردووە ئەمەیە کە توانای ناوخۆیی وای کردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێک و پێک جێبەجێ بکەین لەسەر ئاستی کوردستان لە هەموو ناوچەکاندا. جارێکی تر دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژەیە دەکەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەکە دەکەم، و دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە کە بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین.
بابەتێکی تر هەبوو حەزم دەکرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بکەم، بەداخەوە لەو ماوەیەی ڕابردوو بینیمان کە هەندێک رووداوی نەخوازراو و ناخۆش روویاندا، بەتایبەتی لەم دواییە، ئۆتۆمبێلێک بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە کەوتنە ناو رووبار و خنکان. ئەمە چەند حاڵەتێکە کە لەم دەڤەرە روودەدات، و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەراستی دڵمان دێشێت کە دەبینین کەسانێک ئازیزانی خۆیان لەدەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە هێزەکانی بەرگری شارستانی بکەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونیان، بۆ بەدواداچوونی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان کە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو کرد. سوپاسیان دەکەم دەستخۆشییان لێدەکەم و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانیش دەکەم.
داواش لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە رێنماییەکان جێبەجێ بکەن، هەم رێنمایی هاتووچۆ، هەم ئەو رێنماییانەی کە پێشکەشی خەڵکی کوردستان دەکرێ، بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لەو ناوچانەی کە گونجاو نین بۆ سەیران یان چوونە سەر لێواری ڕووبارەکان کە جێی مەترسین. ئەمە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستی
خۆتانە، داواکارم پابەندی رێنماییەکانی حکوومەت بن و دڵنیابن کە حکوومەت هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.
ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغداش دەستپێدەکات، ئێمە تەمەننای سەرکەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین، هیوادارین سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی حکوومەتەکەی خۆی، و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حکوومەتێکی فیدراڵ دروست بکرێ و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێن. بەشداری ئێمە لە حکوومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە داکۆکی لە هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و مافەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور بکەین وەکو خۆی.
بەشداری ئێمە بەشدارییەکی کارا دەبێت، و هەوڵ دەدەین کە پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێکی بەرزدابن. هیوادارم ئەمە رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی کوردستانیش، پەرلەمان کارا بکەینەوە، دواتر هەنگاوەکانی تریش دەست پێبکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بکەوینەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان جارێکی تر. من زیاتر لەوە کاتی ئێوە ناگرم، دەستخۆشی لە هەموولایەکتان دەکەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، هەر سەرکەوتووبن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.