مەسرور بارزانی: پەرلەمان و حکوومەت دەبێ لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەین پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکوومەت پێکبهێنرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی 40 مەتری سۆران،  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، جەختی لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە و رایگەیاند، "هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووین کە دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەمان کارا بن و بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بیروڕاکانی خەڵکی کوردستان بکەن."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردن بۆ ئەوە کراوە تا خەڵک متمانە بە لایەنەکان بدەن و ئەوانیش بە ئەمەکدارییەوە بەرپرسیارەتییەکەیان لە ئەستۆ بگرن، گوتیشی، "لە رۆژی یەکەمەوە پشتیوانیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی خێرای حکوومەت بووین، چونکە ئەمە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و خودی لایەنە سیاسییەکانیشدایە."

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و رایگەیاند، "داوا دەکەین دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێن و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری عێراق دابین بکرێن. هەروەها پێویستە بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە دابنرێت کە لە ئارادان."