پارێزەری دۆسیەی عەجاج تکریتی: عەجاج لەبەردەم دادگا دانی بە تاوانەکانی ناوە

دادگای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج تکریتی دەرکرد و پارێزەری کەیسەکەش رایدەگەیەنێت، بڕیارەکە تەواو یاساییە و تۆمەتبار دانی بە هەموو تاوانەکانیدا ناوە.

رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، سەلام بەختیار پارێزەری قوربانیانی کەیسی عەجاج تکریتی لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری دادگاییکردنەکە بڕیارێکی تەواو یاسایی و دادپەروەرانە بووە. گوتیشی: "تۆمەتبار بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا خۆی لەو تۆمەتانە بدزێتەوە کە ئاراستەی کرابوون، بەڵام لەلایەن سەرۆکی دادگای تاوانەکانی عێراقەوە رێگری لێکرا."

ئەو پارێزەرە روونیکردەوە کە تۆمەتبار لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدا بە وردی دانی بە هەموو تاوانەکانیدا ناوە و "کەشفی دەلالە"شی بۆ کراوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە لەناو هۆڵی دادگادا هەموو ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی وەک بەڵگە نیشان دراون کە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانی تێدا تۆمار کراوە.

سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی سزاکە، پارێزەرەکە رایگەیاند کە بەگوێرەی یاسا، هەموو بڕیارێکی لەسێدارەدان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رەوانەی دادگای تەمیز دەکرێت بۆ وردبینی زیاتر. ئاماژەی بەوەش دا کە رەنگە رێکارەکان نزیکەی یەک مانگ بخایەنێت، چونکە پەراوی لێکۆڵینەوەکە زۆر گەورەیە و ژمارەیەکی زۆر وتەی تێدایە کە پێویستی بە دووبارە وردبینی کردنەوە هەیە.

لە راپۆرتی دادگاکەدا چەندین تاوانی نامرۆیی عەجاج ئاشکرا کران، لەوانە فڕێدانی تەرمی زیندانییەکان بۆ دەرەوە تاوەکو لەلایەن سەگی بەڕەڵاوە بخورێن، هەروەها دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 15 ساڵان بووە و بە بیانووی پاککردنەوەی ژوورەکەی بردویەتییە لای خۆی و دەستدرێژی کردووەتە سەر.