شێروان دووبەردانی ناوی کاندیدەکانی وەزارەتەکانی عێراق ئاشکرا دەکات
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق. دووبەردانی لە سەرەتای قسەکانیدا پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد بۆ بڕیاری ئەمڕۆی دادگا سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ "عەجاج تکریتی" و دڵخۆشی خۆی بەو بڕیارە دەربڕی.
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق، رایگەیاند؛ گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە و رێککەوتنەکان نزیکە لە کۆتایی، هەرچەندە هەندێک وردەکاری ماونەتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، پۆستەکانی چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی بەرگری، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هێشتا یەکلا نەبوونەتەوە و ئەگەری هەیە لە چەند سەعاتی داهاتوودا رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. وەزارەتی ناوخۆش لەنێوان رێککەوتن و بێ رێککەوتندایە، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەکان بۆ مستەفا سەنەد یەکلا بووەتەوە لە کێبڕکێی نێوان ئەو و موحسین مەندەلاوی (کە کاندیدە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان).
لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆوە، دووبەردانی ئاشکرای کرد، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەک لە سەعات 4:00دا لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی دادگا، محەمەد شیاع سودانی، عەلی زەیدی، مالیکی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. گوتیشی: "ئەمڕۆ کابینەی عەلی زەیدی متمانە وەردەگرێت و دەنگ لەسەر زیاتر لە 15 وەزارەت دەدرێت."
سەبارەت بە کاندیدی وەزارەتەکان، دووبەردانی ئاماژەی بەوە دا ، باسم محەمەد خودەیر وەک بریکاری وەزیری نەوت دانراوە، کە هەڵوێستی زۆر خراپە بەرامبەر هەرێم و پێشتریش هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. فالح ساری بۆ وەزارەتی دارایی کاندیدە. لە لایەنی سوننەش، محەمەد نووری بۆ وەزارەتی پیشەسازی و عەبدولکەریم عەبتان بۆ وەزارەتی پەروەردە دەستنیشان کراون، تەنیا وەزارەتی رۆشنبیری ماوە کە سەر بە جەماوەر نیشتمانییە. بۆ وەزارەتی ناوخۆش زۆرینەی دەنگەکان بۆ قاسم ئەعرەجی بووە، بەڵام کاندیدەکانی سەر بە مالیکیش لە کێبڕکێدا بوون.
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، فوئاد حوسێن کاندیدی پارتی دەبێت بۆ وەزارەتی دەرەوە، هاوکات رێباز حەملانیش کاندیدی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە فراکسیۆنی سادقون و گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی: "سادقون و لایەنکانی ئەمڕۆ دێنە پەرلەمان بەڵام هیچ وەزارەتێک وەرناگرن، چونکە ئەمریکا مەرجی داناوە، دەبێت چەک دابنێن، ئەوانیش ئامادە نین چەک رادەست بکەن." هەروەها باسی لەوە کرد، ئەحمەد ئەسەدی لە حکوومەت لادراوە، چونکە چەکی لە دەرەوەی دەوڵەت هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسماعیل قانی سەردانی بەغدای کردووە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام سادقون وتوویانە ئێمە لە جەنگداین و چەک رادەست ناکەین.
شێروان دووبەردانی شێوازی دابەشکردنی وەزارەتەکانی بەم شێوەیە روون کردەوە: 12 بۆ شیعە، 6 بۆ سوننە، 4 بۆ کورد، و 1 بۆ پێکهاتەکان. هەروەها رایگەیاند؛ پارتی دروستکردنی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە رەت دەکاتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر رۆڵی وەزیری دەرەوە دەبێت. لە کۆتاییدا هیوای خواست ئەو خاڵانەی پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆی کردووە، لەو دوو سێ ساڵەی تەمەنی حکوومەتدا بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ بکرێن.