نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخوازێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی متمانەوەرگرتنی کابینە وەزارییەکەی، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم بە بەشداریکردنم لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە بەڕێز عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی رایگەیاندووە "بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و حکوومەتەکەی دەکەین، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا."
هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەردانی بەغدای کرد و لە ناو هۆڵی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بوو.