مەسرور بارزانی: هیوادارم کابینەی نوێی فیدراڵ ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد و هیوای خواست کابینەی نوێی فیدراڵ، ببێتە سەرەتایەکی نوێ و باشتر لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ کرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست بە بۆنەی بە دەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق.

بە پێی راگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هیوای خواست، کابینەی نوێی فیدراڵ، ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق و، سەرەتایەکی نوێ و باشتر لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.

ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، متمانەی بە کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق دا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانیان پێ درا.