عێراقچی: واشنتن لە رێگەی هەڕەشەوە هیچ ئامانجێک ناپێکێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: کە هەر هێرشێکی نوێی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەی، چارەنووسی تەنیا شکست دەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە کێشەکان بە بژاردەی سەربازی چارە ناکرێن.

پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)، لە وەڵامی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین، گوتی: "ئێمە راهاتووین لەسەر هەڕەشەکان، بەو پێیەی ماوەیەکی زۆرە بە شێواز و ئامرازی جیاواز دووبارەی دەکەنەوە، خۆشیان باش دەزانن کە هەڕەشەکانیان و تەنانەت ئەو جەنگەشی کە هەڵیانگیرساند، هیچ ئەنجامێکی نەبووە و نابێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە کێشەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە هیچ چارەیەکی سەربازییان نییە، هاوکات گوتی: "بە واتایەکی دیکە، چارەی دۆخەکە لە هەڕەشەکردندا نییە، ئەگەر بڕیار بدەن تاقیمان بکەنەوە و بچنە ناو جەنگەوە، ئەوا تەنیا ئەوەیان دەست دەکەوێت کە لە رابردوودا چنیویانەتەوە، هیوادارم بە لۆژیکێکی عەقڵانی دەستبەرداری ئەم گوتارە ببن، هەرچەندە هیچ ئومێدێک نییە کە پەنا بۆ لۆژیک ببەن."

هاوکات عەباس عێراقچی دووپاتی کردەوە، کە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا پێگەی ئێرانی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتانی جیهان دان بە سەرکەوتنی تاراندا دەنێن لەو جەنگەدا.

لە 28ـی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران کرد، ئەمەش وای لە ئێران کرد پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج. دواتر واشنتن و تاران لە 8ـی نیسان ئاگربەستیان راگەیاند.