ترەمپ رژدە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ

سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ پەکین رایگەیاند، کە وەڵامە نوێیەکەی ئێرانی بۆ ئاشتی رەت کردووەتەوە و جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک دەبێت زامنکەری پەکخستنی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بێت.

هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا و کە لە بەژینگەوە بۆ واشنتن دەگەڕایەوە، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و دانوستانەکان.

ترەمپ ئاشکرای کرد، وەڵامە فەرمییەکەی ئێرانی خوێندووەتەوە، بەڵام چونکە بڕگەکانی بە دڵ نەبووە، رەتی کردووەتەوە. ترەمپ گوتی: "من سەیری وەڵامەکەم کرد، ئەگەر یەکەم رستەی تێدا بێت کە بە دڵم نەبێت، دەستبەجێ فڕێی دەدەم. ئەوان دەبێت بە تەواوی لەسەر نەمانی چەکی ئەتۆمی رازی بن، ئەگەر نا من هیچی تر ناخوێنمەوە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکەی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە. گوتیشی: "دەبێت ئەم 20 ساڵە راستەقینە بێت نەک تەنیا قسە. هەروەها دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ناو ئێران دەربهێنرێت."

ترەمپ ئاماژەشی دا، "ئێمە ئێرانمان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوان یان رێککەوتن دەکەن یان بە تەواوی لەناودەچن. یەکێک لەم دووانە هەر دەبێت رووبدات، لە هەردوو بارەکەدا ئێمە براوەین."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی شی جینپینگ، سەرۆکی چینی کرد و بە "پیاوێکی مەزن" وەسفی کرد. سەبارەت بە پرسی تایوانیش، ترەمپ ئامادە نەبوو هیچ پابەندییەکی ئەمریکا بۆ بەرگری لە تایوان رابگەیەنێت و گوتی: "تەنیا یەک کەس هەیە بڕیاری کۆتایی لایە، ئەویش منم، بەڵام جارێک هیچ لێدوانێک نادەم."

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەردانەکەی بۆ چین تەنیا بازرگانی نییە، بەڵکو دەیەوێت پێکەوە لەگەڵ بەیژینگ رێڕەوێکی نوێی جیهانی دابڕێژن. جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا بووەتە بەهێزترین و "گەرمترین" وڵاتی جیهان لە رووی ئابوورییەوە.

ترمپ هێرشی کردە سەر کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و رایگەیاند، ئەو لەبەر دوو هۆکار لە کێشەدایە: وزە و کۆچبەری. ترەمپ گوتی: "ستارمەر دەبێت دەست بکاتەوە بە دەرهێنانی نەوت لە دەریای باکوور و واز لەو تۆرباینە بایانە بهێنێت کە تێچوویان زۆرە و ژینگە و دیمەنی وڵاتەکەیان تێکداوە."