ترەمپ: دەتوانین لە ماوەی دوو رۆژدا تەواوی ژێرخانی ئێران لە نێو ببەین
ترەمپ: هەرگیز توانای خۆڕاگریی ئێرانم بە کەم نەزانیوە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: توانای ئەوەمان هەیە لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا تەواوی ژێرخانی ئێران، لەوانەش پردەکان و وێستگەکانی کارەبا، لە نێو ببەین.
هەینی، 15ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و تیشکی خستە سەر هێز و توانای سەربازیی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتە.
ترەمپ ئاماژەی بە قەبارەی ئەو هێرشانە کرد کە پێشتر کراونەتە سەر تاران و رایگەیاند: "ئێمە گورزی زۆر سەخت و قورس و باوەڕپێنەکراومان لە ئێران داوە."
سەرەڕای باسکردنی ئەو گورزە توندانە، ترەمپ رەتی کردەوە کە تواناکانی تارانی بە کەم سەیر کردبێت و لەو بارەیەوە گوتی: "من هەرگیز توانای خۆڕاگری و بەرگەگرتنی ئێرانم بە کەم نەزانیوە و لەو باوەڕەدا نەبوومە کە بێهێز بن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە ژێرخانی مەدەنیی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە تاوەکو ئێستا پردەکانی ئێران و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبامان هێشتووەتەوە و نەمانکردوونەتە ئامانج، بەڵام توانای ئەوەمان هەیە لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا هەموو ئەوانە بە تەواوی لە نێو ببەین."