ترەمپ: نامانەوێت بەهۆی تایوانەوە بکەوینە جەنگ لەگەڵ چین

دۆناڵد ترەمپ و هاوتا چینییەکەی
دۆناڵد ترەمپ و هاوتا چینییەکەی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتن هیچ ئارەزوویەکی نییە بەهۆی پرسی تایوانەوە بچێتە ناو جەنگێکی سەربازی لەگەڵ چین.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان چین و تایوان گوتی: "نامەوێت هیچ لایەنێک سەربەخۆیی رابگەیەنێت و ئێمەش ناچار بین مەودای 9500 میل ببڕین بۆ ئەوەی بچینە ناو جەنگێکەوە."

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر بارودۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، پێدەچێت بەیژینگ هیچ هەنگاوێکی سەربازی دژی دوورگەکە نەگرێتە بەر. گوتیشی: "ئەمریکا پاڵپشتی لەسەربەخۆی تایوان ناکات."

تایوان دوورگەیەکە گرێدراوی کۆماری میللی چینە بەیژینگیش پرەنسیپی چینی یەکگرتوو بە مەرجێکی سەرەکی دەزانێت بۆ هەر وڵاتێک کە بیەوێت پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵیدا هەبێت. هاوکات، پرسی فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تایوان هەمیشە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان نێوان واشنتن و بەیژینگ.

دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە بەیژینگ، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکایە بۆ چین دوای نزیکەی 9 ساڵ، هەروەها شاندێکی باڵای حکوومی و بازرگانی یاوەری ترەمپ بوون، لەوانە مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت وەزیری جەنگ، و سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینە کە دوای تەواوکردنی گفتوگۆ بازرگانییەکانی لە کۆریای باشوور گەیشتە بەیژینگ.

لە رووی ئابوورییەوە، گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا وەک ئیلۆن ماسک (تێسلا)، تیم کووک (ئەپڵ) و جێن-سۆن هوانگ (ئینڤیدیا) لەگەڵ نوێنەری 17 کۆمپانیای گەورەی دیکە بەشدارن، ئەمەش نیشانەی هەوڵێکە بۆ رێکخستنەوەی هاوسەنگییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە ئابوورییەکەی جیهان.