دەم پارتی: ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی قەندیل نین
هاوسەرۆکی دەم پارتی بوونی دیدار لە نێوان دەزگای هەواڵگریی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان پشتڕاست دەکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە میدیاکانی تورکیا باس لە رادەستکردنی نەخشەڕێگایەک دەکەن بۆ چەکدانان لە چەند رۆژی داهاتوودا.
تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا دەربارەی بەڕێوەچوونی دیداری نێوان دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل بڵاوکرابوونەوە، رایگەیاند، راستە دیدار هەیە، بەڵام زانیاریی زۆریان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوە و دیدارانە نییە.
تولای گوتیشی، پڕۆسەی ئاشتی بە سستی بەڕێوە دەچێت و نازانرێت ئایا ئەو کۆبوونەوانە دەتوانن ئەم سستییە چارەسەر بکەن یان نا.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ رۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتی تورکیا بڵاوی کردبووەوە، شاندێکی میت لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل لە پەیوەندیدان و داوای لە پەکەکە کردووە لە ماوەی چەند رۆژێکدا نەخشەڕێگا، پلان و داواکارییەکانی خۆی بۆ چەکدانان و گەڕانەوەی ئەندامەکانی رادەستی ئەوان بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا پلان و داواکارییەکانی پەکەکە دەگەنە دەست حکوومەت و دواتر لەگەڵ داواکارییەکانی حکوومەتدا بەراورد دەکرێن، بڕیاری هاوبەش لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانان دەدرێت.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
رۆژی 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە 12هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 5 بۆ 4ی ئایاری 2025، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.