لە وێستگەیەکی ئەتۆمی ژاپۆن ماددەی تیشکدەر دزەی کردووە

کۆمپانیای 'تۆهۆکو ئێلیکتریک پاوەر' کارپێکەری وێستگەی ئەتۆمی ئۆناگاوا لە پارێزگای میاگی لە ژاپۆن، دزەکردنی شلەیەکی ئاشکرا کرد کە مادەی تیشکدەری تێدایە لە دووەم یەکەی بەرهەمهێنانی وێستگەکەدا.

کۆمپانیاکە لە راگەیندراوێکدا ئاشکرای کرد، دزەکردنەکە لە بەشی تۆرباینەکەدا دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شلە تیشکدەرەکە لە درزێکی تانکی ئاوەڕۆی پەمپە کۆندێنسێتەکانەوە دزە دەکات، باسی لەوەشکردووە، لە ساتەوەختی دۆزینەوەی رووداوەکەدا ریاکتۆرەکە 'کورەکە' بە تەواوی کوژاوەتەوە.

کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە، شلەکە سنووری باڵەخانەکەی نەبەزاندووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژینگەی دەوروبەری نەبووە.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا کۆمپانیاکە رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەک هەبێت لەنێوان ئەم رووداوە لەگەڵ بوومەلەرزەیەک کە بە گوڕی 6.3 پلە بە پێوەری رێختەر لە ئێوارەی هەمان رۆژدا ناوچەکەی هەژاندووە، جەختیشی کردووەتەوە، ئەو دوو رووداوە بەهۆکارێکی نەزانراو روویانداوە.

وێستگەی ئەتۆمی ئۆناگاوا دەکەوێتە کەنارەکانی باکووری دوورگەی هۆنشو کە نزیکەی 330 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی تۆکیۆوە دوورە و لە ساڵی 1984ەوە لە خزمەتدایە.

ژاپۆن نزیکەی 33 کورەی ئەتۆمی هەیە، وێستگەی ئەتۆمی کاشیوازاکی- کاریوا لە پارێزگای نیگاتا گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لەو وڵاتە و لە جیهاندا، هاوکات شارەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی لە مێژوودا بەناوبانگن بەوەی کە یەکەم دوو شوێنی جیهانن کە هێرشی ئەتۆمییان کراوەتە سەر.