ئەمریکا سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی دەستگیرکرد
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیی لایەنگری ئێرانیان راگەیاند، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا، لەنێویاندا هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکە و شوێنە جووەکان.
کاش باتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایگەیاند، محەمەد باقر سەعد داوود سەعدی کە وەک بەرپرسێک لە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی ناسێنراوە، "ئامانجێکی باڵایە و بەرپرسیارە لە کارە تیرۆریستییە بەکۆمەڵەکان لە ئاستی جیهاندا."
واشنتن گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکات و ئەو گرووپەش بەردەوام بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ئەو بنکانە رادەگەیەنێت کە سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆدەگرن.
هەر لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی حزبوڵلا وەزارەتی دادی ئەمریکاش رایگەیاندووە؛ سەعدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گوازراوەتەوە، بەبێ ئەوەی کات و شوێنی دەستگیرکردنەکەی روون بکاتەوە، و رۆژی هەینی لەبەردەم دادوەرێکی فیدراڵی لە نیویۆرک ئامادە بووە. دادوەرەکە بە فەرمی شەش تۆمەتی پەیوەست بە چالاکیی تیرۆریستی ئاراستە کردووە و بڕیاری زیندانیکردنی کاتیی بۆ دەرکردووە.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، ئەم هاووڵاتییە عێراقییە تەمەن 32 ساڵە و هاوکارەکانی "پلانیان داناوە و هەماهەنگییان کردووە و بەرپرسیارێتی 18 هێرشی تیرۆریستییان لە ئەوروپا و دوو هێرشیان لە کەنەدا راگەیاندووە"، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا کردیانە سەر ئێران.
وەزارەتی داد باسی لە رووداوێکی چەقۆوەشاندن کردووە، دوو پیاوی جووی لە کۆتایی مانگی نیسان لە لەندەن کردبووە ئامانج و ئەنجامدەرەکەی دەستگیرکراوە. هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی سووتاندنی بە ئەنقەستی کەنیسە، فرۆشگا ئیسرائیلییەکان و قوتابخانە جووەکانی لە ئەمستەردام، میونشن و شوێنەکانی دیکە کردبووە ئامانج.
تا ئێستا رۆڵی سەعدی بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام بەڵگەنامەکانی دادگا ئاماژە بەو ڤیدیۆیانە دەکەن کە لە دوای هێرشە جیاوازەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە. هەروەها سەعدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە زانیاریدەرێکی FBIی راگەیاندووە؛ ئەو یان هاوکارەکانی تێوەگلاون لە هێرشەکانی ئەوروپا و دوو هێرشەکەی کەنەدا.
سەبارەت بە پلانەکانی لە ناوخۆی ئەمریکا، تۆمەتبارەکە تۆمەتبارە بەوەی وێنە و نەخشەی شوێنی کەنیسەیەکی سەرەکی جوو لە نیویۆرک و دوو دامەزراوەی دیکەی جووی لە لۆس ئەنجلوس و سکۆتسدەیڵ (ئەریزۆنا) داوەتە بریکارێکی نهێنی و فەرمانی پێکردووە هێرشی تیرۆریستی بکاتە سەر ئەو شوێنانە. هەروەها لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بریکارە نهێنییەکە باسی لە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر کەنیسەکەی نیویۆرک کردووە و ئاماژەی بە بەکارهێنانی بۆمبی دەستکرد داوە، بەڵام هیچ هێرشێک رووی نەداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی داد، محەمەد باقر سەعد داوود سەعدی لە رابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی کاری کردووە کە لە کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی ئەمریکیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا. هەروەها سەعدی چەندین جار و بە شێوەیەکی ئاشکرا داوای ئەنجامدانی هێرشی دژی ئەمریکییەکان کردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە دەستگیرکردنی سەرکردەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی کرد و رایگەیاند؛ محەمەد باقر رووبەڕووی دادپەروەری دەبێتەوە بەهۆی تۆمەتی هاندان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و کوشتنی ئەمریکییەکان.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرای کرد، سەعدی، سەرکردەیەکی پەیوەندیدار بە میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە ئێرانە، لە وڵاتی تورکیا دەستگیرکراوە و راستەوخۆ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گواستراوەتەوە.
لێکۆڵەرە فیدراڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەعدی ئەم کارانەی وەک وەڵامێک بۆ رێکارە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامداوە.
سەعدی لەژێر پاسەوانییەکی تونددا گواستراوەتەوە بۆ خاکی ئەمریکا و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ کراوە.