گۆڕی سێ سەربازی جەنگی عێراق و ئێران لە بناری چیای کۆدۆ هەڵدەدرێنەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئاشکرای دەکات، رووفاتی سێ سەربازی عێراقیی سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە سنووری ناحیەکەیان دۆزراونەتەوە و بڕیارە بەمزووانە رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا گۆڕی سێ سەربازی عێراقی لە کوێستانی بوبەڕەش لە بناری چیای کۆدۆ، نزیک خاڵی سفری سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دۆزراونەتەوە، وەزارەتی شەهیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتیشی، بڕیار وایە لەم نزیکانە لیژنەیەکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدار بن لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و بردنەوەی رووفاتەکان.
عەبدولوەهاب ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی 1980 دەستی پێ کرد و تاوەکوو 1988 بەردەوام بوو. یەکێکە لە وێرانکەرترین جەنگەکانی سەدەی رابردوو و بەهۆیەوە سەدان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژران و بێسەروشوێن بوون.
ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی وەک حاجی ئۆمەران، چۆمان و پەنجوێن، گۆڕەپانی سەرەکیی بەشێک لەو پێکدادانە سەختانە بوون.
دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی جەنگەکەدا، تاوەکوو ئێستا بەردەوام لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران بە سەرپەرشتیی خاچی سووری نێودەوڵەتی، رووفاتی سەربازە بێسەروشوێنکراوەکان لەو ناوچە سنوورییانە دەدۆزرێنەوە و پاشان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.