زانیاری نوێ دەربارەی پێگە سەربازییەکی ئیسرائیل لە عێراق ئاشکرا دەکرێت

شەممە 16ـی ئایاری 2026، بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی بە ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"یان راگەیاندووە، ئیسرائیل پێگەیەکی سەربازی نهێنی کە هێزی تایبەتی تێدابووە لە بیابانی عێراق لە سەرەتای جەنگی ئێراندا دامەزراندووە و وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەکاریهێناوە.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" یەکەم لایەن بوو هەواڵی هەبوونی ئەم دامەزراوە سەربازییەی بڵاوکردەوە، کە ئەم راپۆرتانە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە عێراق لێکەوتەوە.

بەرپرسانی عێراقی رایانگەیاند کە هێزەکانی سوپای عێراق لە سەرەتای مانگی ئازاردا لێکۆڵینەوەیان لەو راپۆرتانە کردووە کە باسیان لە هەبوونی هێزێکی سەربازی بێ مۆڵەت دەکرد لە بیابانی "نوخەیب" (ناوچەیەکی ووشکە لە باشووری رۆژئاوای هەردوو شاری کەربەلا و نەجەف)، لە کاتی چوون بەرەو شوێنەکەش رووبەڕووی تەقە بوونەتەوە.

بەرپرسانی عێراقی هەبوونی هێزێکی بچووکی بێ مۆڵەتیان بۆ ماوەیەکی کورت لە بیابانەکەدا پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکرد کە ئیسرائیلییە، لەگەڵ ئەوەشدا، دوو بەرپرسی ئەمنی و هەواڵگری عێراقی و بەرپرسێکی سەربازی پلەبەرزی ئەمریکی، بەو مەرجەی ناویان ئاشکرا نەکرێت، بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو پێگەیە سەر بە ئیسرائیل بووە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە دەربارەی ئەو پێگەیە گوتویەتی: ناوهێنانی بە "بنکە" زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵکو "پێگەیەکی کاتی یان سەربازگەیەک بووە بۆ پشتگیریکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران".

بەرپرسێکی هەواڵگری عێراقیش ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا خێوەتیان هەڵدابوو، ئامانجیشیان چاودێریکردنی هەڵدانی موشەک و چالاکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەندێک لە گروپە چەکدارە عێراقییەکان بووە"، هەروەها گوتیشی، دەسەڵاتدارانی عێراق پێیان وایە ئەو هێزانە لە رێگەی دابەزینی ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە ئەو شوێنە.

لە بەرانبەر ئەم راپۆرتانەدا، سوپای ئیسرائیل و پێنتاگۆن هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە.

جموجۆڵەکانی عێراق دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە:
سوپای عێراق هێزی رەوانە کرد بۆ بیابانەکە بۆ ئەوەی نیشانی رۆژنامەنووسانی بدەن کە هیچ ئاماژەیەکی مانەوەی سەربازی درێژخایەن لەوێدا نییە، فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، لە کاتی سەردانەکەدا گوتی: "پێمان وایە هێزێکی بچووک بووە و بۆ ماوەیەک ماوەتەوە کە لە 48 کاتژمێر تێپەڕی نەکردووە".

هاوکات، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، لە 3ی ئازاردا زانیارییان پێگەیشتووە دەربارەی هەبوونی هێزێکی بچووکی دوژمن لە ناوچەیەکی دیاریکراوی بیابانی نەجەف"، بۆیە هێزەکانی عێراق رۆژی دواتر چوونەتە شوێنەکە، گوتیشی: "لە دووری 25 کیلۆمەترەوە، ئەو هێزەی ئێمە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەوە، کە بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە سەربازەکان و برینداربوونی دووانی دیکە".

لە لایەکی دیکەوە، وێنەی مانگە دەستکردەکان کە لە 8ی ئازاردا گیراون، رێڕەوێکی دەستکرد لەو شوێنەدا نیشان دەدەن کە دەکەوێتە نزیکەی 250 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغدای پایتەخت، درێژیی ئەم رێڕەوە نزیکەی 1.5 کیلۆمەترە، کە بەسە بۆ نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان، ئەم ناوچەیە نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی نوخەیبەوە دوورە، کە دوورییەکی گونجاوە بۆ ئەوەی سەرنجی زۆر رانەکێشێت.