ئیتاڵیا دوو کەشتی بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز رەوانە دەکات

دوو کەشتی هەڵگرتنەوەی مین بە نیازن بەشداری لە ئەرکە نێودەوڵەتییە ئەگەرەکاندا بکەن لە گەرووی هورمز، لە ئەگەری جێگیربوونی ئاگربەست و بەدیهاتنی ئاشتی.

شەممە 16ـی ئایاری 2026، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، سوپای وڵاتەکە دوو کەشتی هەڵگرتنەوەی مین رەوانەی ناوچەیەکی نزیک لە گەرووی هورمز کردووە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لەو گەرووەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاژانسی "ئانسا"ی ئیتاڵی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، رەوانەکردنی ئەو دوو کەشتییە بۆ ناوچەکە لە ئەگەری جێگیربوونی ئاگربەست و بەدیهاتنی ئاشتییە لەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.

هەردوو کەشتی هەڵگرتنەوەی مین "کرۆتۆنی" و "ریمینی" بەندەری ئۆگۆستایان لە دوورگەی سیقڵییە بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچەکانی نزیک لە گەرووی هورمز بەڕێکەوتوون، لە قۆناغی یەکەمدا لە رێگەی نۆکەندی سوێسەوە بەرەو دەریای سوور و پاشان بۆ جیبۆتی دەچن.

گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، لە 13ـی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لیژنەکانی دەرەوە و بەرگری لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، رەوانەکردنی کەشتییەکان بۆ گەرووی هورمز و ناوچەی کەنداو لە ئەگەر بەدیهاتنی ئاشتیدا، رەنگە نزیکەی مانگێکی پێ بچێت، گوتیشی: "ئێمە وەک رێکارێکی خۆپارێزی، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی دوو کەشتی هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەیەکی تا رادەیەک نزیک لە گەرووەکە".

حکوومەتی ئیتاڵیا پێویستە رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت تاوەکو بتوانێت سوپای وڵاتەکەی رابسپێرێت بۆ بەشداریکردن لە هەر ئەرکێکی سەربازی نێودەوڵەتی ئەگەر لە گەرووی هورمزدا.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 13ـی نیسانی رابردووەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لەوانەش گەرووی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە، ئێران وەک وەڵامێک رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان کردووە لەو گەرووەدا مەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاگربەستە هەیە کە لە 8ـی نیسانەوە کارایە.

لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە کە بەپێی ئامارەکانی تاران زیاتر لە 3 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هێرشی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی و ئیسرائیلی.