میدیای ئێرانی: ئەوروپا بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز لەگەڵ سوپای پاسداران لە دانوستاندان
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتانی ئەوروپا دانوستاندنیان لەگەڵ تاران دەستپێکردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە گەرووی هورمزدا، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا ملیان بۆ پرۆتۆکۆلە نوێیەکانی سوپای پاسداران داوە.
شەممە 16ـی ئایاری 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ تاران بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای ئەوەی کەشتییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەت چین، ژاپۆن و پاکستان، مۆڵەتی تێپەڕبوونیان وەرگرتووە، ئێستا ئەوروپییەکانیش هاتوونەتە سەر هێڵ و لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە دانوستاندان بۆ رێککەوتن لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان.
هاوکات سوپای پاسداران رایگەیاندووە تێپەڕبوونی دەیان کەشتی چینی لە رۆژانی ڕابردوودا دوای رێککەوتن بووە لەسەر "پڕۆتۆکۆڵەکانی بەڕێوەبردنی گەرووی ئێران".
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی "میکانیزمێکی پیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆ" لە گەرووەکە ئامادە کردووە و بەم زووانە پەردەی لەسەر لادەدرێت. عەزیزی گوتی: "لەو پرۆسەیەدا تەنیا ئەو کەشتییە بازرگانی و لایەنانەی هاوکاری ئێران دەکەن سوودمەند دەبن و باجی پێویست بۆ خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان کۆدەکرێتەوە."
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە بەڕووی ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە "پڕۆژەی ئازادی"، کە ئاماژەیە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ رێبەرایەتیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان.
ئێران لە 28ـی شوبات و لەگەڵ دەسپێکی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، گەرووی هورمزی بە تەواوی داخست، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهانی لەوێوە دەگوازرێتەوە؛ تاران جەخت دەکاتەوە کە دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ و ئێستا وەک کارتی فشار و سەرچاوەی داهات بەکاری دەهێنێت، لە بەرانبەردا ئەمریکاش ئابڵۆقەی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.